درۆنتان بینی پەیوەندی بە ئاسایشەوە بكەن

 میدیازان- كوردستان ئەحمەد- هەولێر 

ئاسایشی سلێمانی بڕیاریداوە هەر کەس و کۆمپانیایەک ئامێری درۆنی هەبێت دەبێ لەلای ئاسایش تۆماری بکات، ئەگەر نا رێگەیان پێنادەن بەکاری بهێنن.

لەراگەیەنراوێكدا ئاسایشی سلێمانی دەڵێت: رێنمایی نوێیان بۆ پاراستن و بەكارهێنانی درۆن لە پارێزگای سلێمانی دەرچواندووە و پێویستە بە پێی ئەو رێنماییانە درۆن بەكاربهێنرێت، بێ ئەوەی وردەکاری ئەو رێنماییانە باس بکەن.

درۆن چەند ساڵێکە لەکوردستان بەچڕی بەکاردێت لە لایەن کەناڵ و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان و خەڵکییەوە بۆ وێنەگرتن لەئاسمانەوە. 

هەڵمەتەكەی ئاسایشی سلێمانی بۆ تۆماری نوێی درۆن ماوەی ٣٠ رۆژ بەردەوام دەبێت و دەبێ لەو ماوەیەدا هەموو خاوەن درۆنەکان ئامێرەکانیان لای ئاسایش تۆمار بکەن،  دوای ئەو ماوەیە رێگە بە هیچ درۆنێكی بێ مۆڵەت نادرێت بەكاربهێنرێت و بفرێنرێت . 

“ئاسایشی سلێمانی داوا لەهاوڵاتیان دەکات لە هەر شوێنێكدا درۆنیان بینی پەیوەندی بە ١٠٦ وە بكەن.”

میدیازان بۆ دەستکەوتنی زانیاری زیاتر پەیوەندیکرد بەبەشی راگەیاندنی ئاسایشی سێلمانییەوە، بەڵام لێدوانیان نەداو وتیان لەوە زیاتر ناڵێین کە لەراگەیاندراوەکەدا باسمان کردووە.