١٦ کیلۆمەترە و ١١ ساڵە کیلۆمەتر و نیوێکی کراوە

دووساییدەکەی نێوان چۆمان و حاجی ئۆمەران تەواوبوونی نییە

میدیازان – زۆسک باڵەک – حاجی ئۆمەران

+ ڤیدیۆ

یانزە ساڵە سێ جار ئیشکردن لە دووساییدکردنی رێگەی نێوان حاجی ئۆمەران و چۆمان وەستاوە، رێگاکە ١٦ کیۆمەتر و ٦٥٠ مەترە، بەڵام تا ئێستا کیلۆمەتر و نیوێک کراوە، ئەوەش لەکاتێکدایە دووساییدەکە گرنگییەکی زۆری بۆ ناوچەکە هەیە.

پرۆژەی جۆتسایدی چۆمان – حاجی ئۆمەران، لە ٤ی نیسانی ٢٠١١ دەستی پێ كرد، ساڵی  ٢٠١٥ بە هۆی قەیرانی داراییەوە پڕۆژەكە راگیرا. ساڵی ٢٠١٧ دیسان دەست كرایەوە بە پڕۆژەكە و بەشێكی لێ نۆژەن كرایەوە، بەڵام دواتر وەستایەوە. ئەمساڵیش لەمانگی نیسانەوە دەست كراوەتەوە بە پڕۆژەكە ، بەڵام دووبارە کارکردن تیایدا وەستاوەتەوە.

فاروق محەمەد، یەكێكە لە هاووڵاتییانی ناوچەكە و بە میدیازانی راگەیاند: خەڵکی ناوچەکە بە تەواوی نیگەران بوون لە تەواونەکردنی ئەو پڕۆژەیە، چونکە زۆر ستراتیژییە و  جگە لە مەرزەکە، گوندێکی زۆر و رێگەیەکی زۆری کشتوکاڵی و بازرگانیی لەسەرە.

بە پێی زانیارییەکانی میدیازان کە لە ئیدارەی چۆمانەوە وەری گرتووە، هۆکاری وەستانی ئەمجارەی پڕۆژەکە کەشوهەواویە و تا ساڵی داهاتوو کاری تێدا ناکرێت.

ناسر ساڵح دەڵێت، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بە میدیازانی وت: “لە ئێستادا تەنیا ١٥٠٠ مەتر دووساییدەکە تەواو بووە و قیرتاو كراوە، ئەوەی تریشی بۆ کاتێکی تر رادەگیرێت.”

“خەڵک بە تەواوی بێزار و بێهیوا بوو لە تەواونەبوونی ئەو شەقامە، بەڵام خۆشبەختانە دەستی پێ کراوەتەوە و ئێستاش کە راگیراوە بەهۆی کەشوهەواوە راگیراوە بۆ ساڵێکی تر”، ئەمە وتەی سوارە ئەکرەم، قائیمامی قەزای چۆمان بوو کە بە میدیازانی راگەیاند.

وتیشی: “ئەم رێگایە و پڕۆژەكەی بە لای حكومەت و ناوچەكەمانەوە گرنگ و ستراتیژییە، چونكە ئاڵوگۆڕێكی زۆری بازرگانی و گەشتیاریی لەسەرە

تایبەت بە میدیازان