لە خۆرهەڵاتی ئاسیاوە هاتوون و لە هەولێر گوڵ دەفرۆشن

فرۆشیارەکانی گوڵ – میدیازان

میدیازان – شۆڕش عەبدولستار – هەولێر

لە چەندین شوێنی شاری هەولێر، کۆمەڵە گەنجێکی گوڵفرۆش هەن کە زۆرینەیان خەڵکی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئاسیان، دەڵێن کڕیارەکانیان زیاتر کچانن.

 ئەو گەنجانە لە ناو باخ و پارکەکان، لە بازاڕەکانی بەردەم قەڵا و هەندێک لە ترافیکەکانیش هەن.

 میدیازان چووە باخی شار لە بەردەم قەڵای هەولێر، بۆی دەرکەوت بە تەنیا لەو باخەدا ١٢ گەنج گوڵ دەفرۆشن، هەر گوڵێک بە دوو هەزار دینار.

 شوبە ناوی کوڕە گەنجێکی ٢٤ ساڵانە، لە وڵاتی بەنگلادیشەوە هاتووەتە هەولێر، ئەو بۆ میدیازان قسەی کرد، “من ماوەی پێنج ساڵە هاتوومەتە هەولێر، رۆژانە بە بەردەوامی لێرە گوڵ دەفرۆشم، داهاتی رۆژانەم لەنێوان ٢٠ بۆ ٤٠ هەزار دینارە”.

 ئەو گەنجانە رێگە نادەن بە ڤیدیۆ قسەکانیان تۆماربکرێت، باسی ئەوەی کرد، پێشتر ئیشی خاوێنکردنەوەی کردووە لەگەڵ کۆمپانیاکان، لە وەرزی سەرماشدا دەگەڕێتەوە سەر هەمان ئیش تاوەکو نزیکی بەهار.

“زۆرینەیان ئیقامەیان نییە”

سۆراغی میدیازان

 پرسیارمان لێکرد، ئایا خۆی و هاوڕێکانی ئیقامەی مانەوەیان هەیە لە هەریمی کوردستان؟ وەڵامەکەی بەڵێ بوو، بەڵام میدیازان سۆراغی کرد و بۆی دەرکەوت، زۆرینەی ئەو گوڵفرۆشانە ئیقامەیان نییە.

 بۆ ئەوەش پرسیارمان لە سیرینیۆ کرد، کوڕە گەنجێکی دیکەی هیندستانییە و بەشێک لە هاوڕێکانی ئەو کارە دەکەن، بەڵام خۆی پاککردنەوە دەکات لەگەڵ کۆمپانیایەکدا.

 سیرینیۆ وتی، “هەندێکیان لێ دەناسم، ئەوان ئیقامەیان نییە، کاتیان تەواو بووە لەگەڵ کۆمپانیاکان، ئەگەر بە شەخسی ئیقامە تازە بکەنەوە پارەیەکی زۆری تێدەچێت، لەجیاتیدا ئیشی رەش دەکەن”.

شوهابەدین کوڕە گەنجێکی ٣٣ ساڵەی بەنگلادیشیە لە باخی شار، ئەویش هەر گوڵ دەفرۆشێت، بە میدیازانی وت، “من ماوەی سێ ساڵە لێرەم و گوڵ دەفرۆشم، وردە وردە رۆژانەمان کەم دەبێت، چونکە وەرزی زستانە”.

ئەوان باس لەوە دەکەن، زۆرینەی کڕیارەکانیان کچانن، بە تایبەتی ئەوانەی وەکو گەشتیار هاتوونەتە شاری هەولێر.