زێراب تێکەڵی رووباری خابیر بووە

بۆنی ناخۆش زاخۆی هەراسان کردووە

یەکێک لە پرۆژە گەشتیارییەکانی زاخۆ کە ئاوی زێرابی تێکەڵ بووە – میدیازان

میدیازان – شیڤان مستەفا – زاخۆ

زێرابی چوار گەڕەکی زاخۆ دەڕژێنە ناو ئاوی رووباری خابیر، ئەوە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی بۆگەناوێکی ناخۆش و خەڵکەکەی هەراسان کردووە.

زێرابەکان دەڕژێنە ناو ئەو رێڕەوە چیمەنتۆییانەی کە وەکو پرۆژەی گەشتیاریی لەسەر رووباری خابیر بنیاتنراون و هێندراونەتە ناو چەند گەڕەکێکی شارەکە.

زێرابی هەریەک لە گەڕەکەکانی بەدرخان، کێستە، جولەکان و شەعبان لەتاو بۆنی ناخۆش هاواریان لێ بەرزبووەتەوە.

رێناس رەجەب، خاوەن دوکانێکە لە گەڕەکی کێستە، دەڵێت، “بە ناوی پڕوژەی گەشتیارییەوە خەریکە هەموومان توشی نەخۆشی دەکەن لەبەر بۆگەنی ئەم ئاوەڕۆیانە”. لەلایەکی دیکە، ئەندازیار سەلاح یوسف، سەرپەرشتیاری پرۆژە گەشتیارییەکانی زاخۆ بە میدیازانی وت، لەم هەفتەیەدا ئاوی رووباری خابیر دەکەنەوە بە تیژی و کێشەکە چارەسەر دەکەن، بەڵام رۆژەکەی دیاری نەکرد.