لە چوار ساڵدا ٧٠٠ جار خۆیان کێشاوە بە بەربەستی شەقامەکەدا

شەقامی ١٢٠ی هەولێر بکوژترینە

ڤیدیۆ

بەربەستێکی خراپبوو لە شەقامی ١٢٠ مەتری – میدیازان

میدیازان – شۆڕش عەبدوڵا – هەولێر

 لە چوار ساڵی رابردوودا کە شەقامی ١٢٠ مەتری هەولێر چووەتە بواری خزمەتەوە، تاوەکو ئێستا ٧٠٠ جار ئۆتۆمبێلەکان خۆیان بە گاردرەیلەکەیدا کێشاوە، بە وتەی هاتوچۆی شارەکە.

 گاردرەیل ئەو بەربەستە ئاسنەیە کە بە درێژایی شەقامەکە لە تەنیشتی دانراوە.

 فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە میدیازانی وت، لەو ٧٠٠ جارە، هەندێکیان لە یەک کاتدا چەندین ئۆتۆمبێل خۆیان بە گاردرەیلەکەدا کێشاوە.

 ئەمە لەکاتێکدایە، پەیامنێری میدیازان بە شەقامی ١٢٠ مەتری سوڕایەوە، بەچاوی خۆی ١٣٠ جار نیشانەی پیاداکێشانی ئۆتۆمبێلەکانی بینی بە گاردرەیلەکاندا.

 لەبارەی چاککردنەوەی شوێنی پیاداکێشانەکان، فازڵ حاجی روونیکردەوە، ئەگەرشۆفێرەکە گیانی لەدەست نەدابێت، ئەوا دەبێت دواتر چاکیبکاتەوە.

 بەڵام ئەگەر هاتوچۆ بە رووداوەکەی نەزانیبێت یان شۆفێرەکە گیان لەدەستبدات، ئەوا حکومەت خۆی چاکیدەکاتەوە.

 میدیازان پرسیاری لێکرد، ئایا لە کام شەقامی هەولێر زۆرترین رێژەی گیان لەدەستدان بە رووداوی هاتوچۆ تۆمارکراوە، فازڵ حاجی ئاماژەی بەوە کرد، کە “شەقامی ١٢٠ مەتری بکوژترینە”، بێ ئەوەی ئاماری قوربانییەکانی ئەو شەقامە بە میدیازان بڵێت.

 هۆکارەکەی بۆ خێرایی گەڕاندوە، وتی بێگومان رووداوی هاتوچۆ بە خێرایی سەرو ١٠٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا زیانی گیانی زیاترە.

لەهەولێر شەقامەکانی ٦٠ مەتری و ١٠٠ مەتری و ١٢٠ مەتری لەشەقامە بازنەییە سەرەکییەکانی شارەکەن، ئێستا کار لە شەقامی ١٥٠ مەتریش دەکرێت.