کارگەکانتان دامەخەن، بیفرۆشن

رێنمایی نوێ بۆ بەگەر خستنەوەی کارگەکان دەرچوو

میدیازان – هاوبەش ئەبوبەکر – دیسکی سلێمانی

ئەمڕۆ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی چەند رێنماییەکی نوێی بۆ بەگەڕخستنەوەی کارگە لەکارکەوتووەکان دەرکرد و دەڵێت بۆ ماوەی شەش مانگ هاوکاری خاوەن کارگەکان دەکەن لە ڕووی کارگێری و یاساییەوە تا کارگەکانیان بخەنەوە کار.

بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، هەر کەسێک مۆڵەتی دامەزراندنی هەبێت و ئامێر و هێڵەکانی بەرهەمی لای دادنوس تۆمار کرابێت دەتوانێت ٪٧٥ی پشکەکانی بفرۆشێت بە هاوبەشێک بۆ ئەوەی کارگەکەی بخاتە گەڕ یان جۆری بەرهەمەکەی بگۆڕێت.

ئەو کەسانەی توانای بەگەڕخستنەوەی کارگەکانیان نییەج بە مەرجێک خاوەن کارگەکە “مۆڵەتی بەرهەمی هەبێت و خاوەنی نوێ کارگەکە بخاتە گەڕ یان جۆرى بەرهەمەکەى بگۆڕێت.”

لە ماوەی شەش مانگدا دەتوانن گواستنەوەی خاوەندارێتی بۆ کارگەکانیان ئەنجام بدەن”

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەڵێت، هەر خاوەن کارگەیەک بەپێچەوانەی رێکارەکانی گۆڕینی جۆرى بەرهەم گواستنەوەی خاوەندارێتی بکات مۆڵەتەکەی هەڵدەوەشێتەوە و زەویەکەی لێ دەسەنرێتەوە.

ئەگەر هاتوو خاوەن کارگە نەیتوانى لە ماوەی شەش مانگدا کارەکانى تەواو بکات و دەرکەوت کە هۆکارەکەى لە دەرەوەى ویست و ئیرادەى خۆى بووە ئەوا ماوەى سێ مانگى دیکەی بۆ درێژ دەکرێتەوە.

بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، لە هەر سێ پارێزگای دهۆک و هەولێر و سلێمانی شەش هەزار و ٩٢٢ کارگە هەن و نزیكەی هەزار و ٥٠٠ كارگە كار دەكەن.

کێشەی سەرەکی کارگەکان زیادکردنی باج و زۆریی نرخی کارەبا و ھاوردەکردنی بەرھەمە لێکچووەکانیانە لە وڵاتانی دیکە. تەنیا ساڵی ٢٠٢١، زیاتر لە ٧٠٠ کارگە لە ھەرێمی کوردستان داخراون و ٣٢٥ لەو کارگانە لە سلێمانین.