نوسینی کوردی لە تابلۆی سەر شەقامەکانی کەرکوک دەشێوێندرێت
میدیازان – کاروان ستار – کەرکوک
نوسینی کوردی لەسەر بەشێک لە تابلۆی سەر شەقامەکانی کەرکوک شێوێندراوە، لەلایەن کەسانی نەناسراو، ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانی بەشێک لە هاوڵاتیان و چالاکوانان.
پەیامنێری میدیازان چاوی کەوت بە بەشێک لە تابلۆکانی سەر شەقامەکانی پشتێنەی کەرکوک، کە شارەکە و هەولێر و سلێمانی پێکەوە دەبەستێتەوە، بینی نوسینە کوردییەکان شێوێندراون، بەڵام نوسینە عەرەبی و ئینگلیزییەکان ماون.
ئەحمەد عەلی، چالاكوانی کۆمەڵگەی مەدەنیە لە شاری كەركوك، بە میدیازانی وت، “بەداخەوە رۆژ بە رۆژ، دژایەتی زمانی کوردی دەکرێت هەر جارەو بە جۆرێک، ئەوەتا چەند مانگێک لەمەوبەر تابلۆکان نۆژەنکرانەوە کەچی نوسینە کوردییەکانی لەسەر سڕاوەتەوە”.
ئەم بابەتە شارەوانی کەرکوکی هێناوەتە سەر هێڵ، ئەوان دەڵێن دژی ئەو کارەن و لێکۆڵینەوەی جیددی دەکەن.
فەریدون زەنگەنە، بەرێوەبەری شارەوانی كەركوك بۆ میدیازانی باسکرد، کە ئەو تابلۆیانە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانەكانە و زیاتر لە ١٥ ساڵ لەمەوبەر دانراون، شێواندنیان بەم شێوەیە بە هێرشكردنە سەر موڵك و ماڵی گشتی هەژماردەكرێت، لێکۆڵینەوەی جیددیش دەکەین و ئەنجامدەرانی سزادەدەین”.
وتیشی، لە ئامادەکاریدان بۆ سەرلەنوێ نۆژەنکردنەوەی تابلۆکان و چاککردنەوەی نوسینەکان.