کوژراوو بکوژ هەردووکیان پێشتر داواکراو بوون

پۆلیس زانیاری ئاشکرا دەکات

میدیازان – هەژار ئەنوەر – هەولێر

ئەو کەسەی شەوی رابردوو براکەی خۆی کوشت، بە چەند پارچە چەکێک و مادەی هۆشبەرەوە دەستگیر کرا.

 درەنگانی شەوی ڕابردوو، لە گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر کەسێک برا تەمەن ٢١ ساڵەکەی لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا بە ١١ گولە کوشت. 

“بکوژ، لەناو ماڵەکەیدا چەندین پارچە چەکی بێ مۆڵەت و مادەی هۆشبەری وەک جامایکا، تلیاک و کریستاڵ دەستی بەسەردا گیراوە”

 مقەدەم هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند رووداوەکە کاتژمێر یەکی ئەمشەو لە گەڕەکی تەیراوە روویداوە، دوای رووداوەکەش بکوژ لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کرا.

زیاتر وتی “بکوژ، لەناو ماڵەکەیدا چەندین پارچە چەکی بێ مۆڵەت و مادەی هۆشبەری وەک جامایکا، تلیاک و کریستاڵ دەستی بەسەردا گیراوە”.

 میدیازان دەزانێت، ئەو رووداوەی شەوی رابردوو کە جێگر رێگر مستەفا تەمەن ٢١ ساڵ، لەلایەن برا تەمەن ١٩ ساڵیەکەی کوژراوە، چوارەم روودانی کوشتنە لەماوەی ٣٥ رۆژی رابردوودا، ئەوانیش سووتاندنی پیاوێک لەلایەن ژنەکەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو، کوشتنی گەنجێکی ئەندازیار لەلایەن براکەی لە ناحیەی کەسنەزان و، هەروەها کوژرانی ژنێک لە قەزای خەبات.

 وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، ئەوەش رووندەکاتەوە کە ئەو دوو برایە پێشینەی تاوانی تریان هەبووەو لەلایەن پۆلیسەوە داواکراو بوون.

کۆنگرەی رۆژنامەوانی وتەبێژی پۆلیسی هەولێر – ڤیدیۆ – میدیازان