“هەر شۆفێرێک پابەند نەبێت دەست بەسەر پاسەکەیدا دەگیرێ”

لە کەلار کرێی هاتووچۆی ناوخۆ بە پاس بۆ ٥٠٠ دینار کەم کرایەوە

میدیازان – هونەر فارس – کەلار

 قائیمقامییەتی کەلار بڕیاری داوە کرێی هاتووچۆی مینی پاسەکانی ناوخۆ لە ٧٥٠ دینارەوە بۆ ٥٠٠ دینار کەم بکرێتەوە و هەر شۆفێرێکیش پابەند نەبێت، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت.

“هاتووچۆی مینی پاسەکانی ناوخۆ لە ٧٥٠ دینارەوە بۆ ٥٠٠ دینار کەم بکرێتەوە”

ماوەی زیاتر لە حەوت مانگە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینەوە شۆفێری مینی پاسەکانی کەلار نرخی هاتووچۆی ناوخۆییان لە ٥٠٠ دینارەوە بۆ ٧٥٠ دینار بەرز کردبووەوە، بەڵام لە ئێستادا بەنزینی ٦٩٠ دینارییان پێ دەدرێت و پێیان وتراوە دەبێت کرێ کەم بکەنەوە.

هەردی سەرکەوت، بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامییەتی کەلار بە میدیازانی راگەیاند: نووسراومان بۆ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە و شۆفێرانیشمان ئاگادار کردووەتەوە و داواش لە هاوڵاتییان دەکەین سەرپێچییان بینی ئاگادارمان بکەن، چونکە دەست بەسەر مینی پاسەکانیاندا دەگرین.

“لە ئێستادا بەنزینی ٦٩٠ دینارییان پێ دەدرێت “

باسی لەوەش کرد، بڕیاری کەمکردنەوەی نرخی هاتووچۆ لە ئێستادا تەنها شاری کەلار دەگرێتەوە.