دانیشتوانی گوندەکانی ریاز: کێشەی ئاومان بۆ چارەسەر نەکەن کشتوکاڵمان نابێت
میدیازان – کاروان ستار – کەرکوک
کێشەی نەبوونی ئاو دەبێتە هەڕەشەی چۆڵ بوونی ژمارەیەک گوندی ناحیەی ریاز، دانیشتوانەکەی دەڵێن، ئاو نەبێت ناتوانین کشتوکاڵ بکەین.
دانیشتوانی گوندەکانی شالخ عید و شێخ ئەحمەد تەیاری سنوری ناحیەی ریازی باشوری رۆژئاوای كەركوك، لەڕێگەی میدیازانەوە داوای چارەسەرکردنی کێشەی کەمی ئاو دەکەن، دەڵێن ئاو نەبێت ئیتر ناتوانن کشتوکاڵ بکەن کە بژێوی ژیانیان لەسەریەتی.
نەمو حەسەن مەهدی تەمەن 67 ساڵ دەڵێ، کێشەی کەمی ئاومان هەیە بۆ چاندن و کشتوکاڵ، ئەگەر ئەو کێشەیە چارەسەر نەکرێت ئەوا ناچارین گوندەکە چۆڵ بکەین.
نەمو، دایکی هەشت منداڵەو دانیشتوی گوندی شێخ ئەحمەد تەیارە، باس لەوە دەکات کە هیچ رێکخراوێکی خێرخوازی بەهانایەنەوە نەهاتوون و چەندجارێکیش داوامان لییان کردووە، وتی “ئەوەی ئێمەی بەو خاک و گوندەوە بەستووەتەوە ئەوا کشتوکاڵە، ئەگەریش ئاو نەبێت ئەوا ناچارین بۆ بژێوی ژیان گوندەکە چۆڵ بکەین”.
ئەوەی ئێمەی بەو خاک و گوندەوە بەستووەتەوە ئەوا کشتوکاڵە، ئەگەریش ئاو نەبێت ئەوا ناچارین بۆ بژێوی ژیان گوندەکە چۆڵ بکەین”
ئەو دوو گوندە، هاوشانی گوندەکانی توێلعە، توی مسبلان، تەل عید، دوای هاتنی داعش لەساڵی ٢٠١٤ دانیشتوانەکەی ئاوارە بوون، بەشێکیان دوای ئازادکردنی گوندەکانیان لەساڵی ٢٠١٧ دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
میدیازان دەزانێت، ئێستا دانیشتوانی ئەو گوندانە لە پێنج خێزان تا نزیکەی ٤٠ خێزان دەبن، ئەمەش لەکاتێکدایە پێش هاتنی داعش، دانیشتووانی گەر گوندێک سەرووی ٥٠ خێزان تا ٨٠ خێزان دەبوون.
غانم ساڵح تەمەن 40 ساڵ بە میدیازانی راگەیاند کە دۆخیان زۆر خراپەو، گوزەرانیان لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییە کە هەردووکیان پێویستی بە ئاو هەیە، وتی “ئەگەر حکومەت بەهانامانەوە نەیەت ئەوا ناچارین جارێکی تر گوندەکە چۆڵ بکەین ئاوارە ببینەوە”.
غانم کە باوکی شەش منداڵە، باس لە خراپی بینای قوتابخانەکەیان دەکات و دەڵێ، ٥٠ ساڵە بینای قوتابخانەکەمان نۆژەن نەکراوەتەوە، ئەگەر نۆژەن نەکرێتەوە ئەوا مەترسی کەوتنی هەیە بەسەر منداڵەکانمان.
سەرچاوەیەك لە ناحیەی ریاز، بە میدیازانی وت، کێشەی کەمی ئاوی ئەو گوندانە پەیوەندارە بە کێشەی تاوەرەکانی کارەبا کە ڤۆڵتیەی پێویست ناگەیەنن بە بیرەکانی ئاوی گوندەکان، وتی “داوامان کردووە پڕۆژەی ئاویان بۆ دابین بکرێت، کێشەی کارەبایان بۆ چارەسەر بکرێت، هەروەها لە بودجەی ئاسایشی خۆراکیش قوتابخانەیان بۆ دروست بکرێت، بۆ هەموو ئەوانەش چاوەڕێی دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێین کە داواکارییەکانیان جێبەجێ بکەن”.