“کرم و ئەسپێ تێیداون”

لە هەڵەبجە فاسۆلیا و برنجی خراپبوو دابەش دەکرێت

میدیازان – محەمەد عومەر – هەڵەبجە

 بەشێک لە دانیشتوانی هەڵەبجە لەگەڵ وەرگرتنی بەشە خۆراکی ئەم مانگەدا، فاسۆلیا و برنجی خراپبوویان وەرگرتووە و ئەسپێ و کرم تێیداون، کۆمپانیای دابەشکردنی خۆراکیش سەرچاوەی خراپبوونەکە بۆ تەڕبوون دەگەڕێنێتەوە.

“فاسۆلیا و برنجی بەشە مانگانەی دانیشتووان بەهۆی تەڕبوونەوە کرم و ئەسپێ تێیداون”

شەوکەوت محەمەد، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی خۆراکی سلێمانی بە میدیازانی راگەیاند: پێ دەچێت لە کاتی گواستەنەوەدا تەڕ بووبن وایان لێ هاتبێت، بەڵام بە بریکارەکانمان وتووە خراپبووەکان بگەڕێننەوە و جۆری تریان دەدەینێ.

ئەم حاڵەتە کاتێک ئاشکرا بووە بەشێک لە هاووڵاتییان ماددە خراپبووەکانیان بۆ بریکارەکانیان بردووەتەوە و ئەوانیش لایەنی پەیوەندیداریان لێ ئاگادار کردووەتەوە.

“هاوڵاتیان ناڕەزەییان دەربڕیوە و بەش خۆراکیەکانیان گەڕآندووەتەوە بۆ بریکارەکان”

“بەهۆی ئەوەی جارێ نازانین چەندی خراپ بووە نازانین چەند تەن فاسۆلیا یان برنج خراپ بووە و تا ئێستا نازانین لای چەند بریکاریش وا بوون، هەرچەندە ئێمە پێش دابەشکردن ئەو ماددانە کە لە بەغداوە دێن پشکنینمان بۆ کردووە، بەڵام ئێمە هەستمان پێ نەکردووە”، شەوکەت محەمەد وای وت.