تا ٤٢٠ رۆژی تر هەر ئەم پەرلەمانەمان هەیە

شتێکی نوێ نییە بۆ پەرلەمانی کوردستان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان

میدیازان – هێمن بەکر – هەولێر

ئەگەرچی ئەمڕۆ تەمەنی یاسایی پەرلەمانی کوردستان تەواو دەبێت، بەڵام بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار، بۆ ماوەی ٤٢٠ رۆژ درێژ کرایەوە.

ئەو ٨٠ پەرلەمانتارە لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، گۆڕان و پێکهاتەکانن، لە رۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ دەنگیان لەسەردا.

 ئەمڕۆ ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، چوار ساڵ بەسەر خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان تێدەپەڕێت، کە لە ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ دەستبەکاربوو.

 ئەوە راستەوخۆ دەبێتە هۆی درێژکردنەوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئەوانیش تاوەکو رۆژی ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ لە کاری خۆیان بەردەوام دەبن.

 لە سەرجەم پێنج خولەکەی پەرلەمانی کوردستاندا، تەمەنی پەرلەمان بە دەنگدانی پەرلەمانتاران درێژکراوەتەوە، جگە لەوانەش، سێ جاری دیکە لەنێوان ١٩٩٥ بۆ ٢٠٠٥ بە ناوی “خولی گواستنەوە” درێژکراوەتەوە.

 خولی یەکەم لە ١٩٩٥ تاوەکو ٢٠٠٥ درێژکراوەتەوە، چونکە لایەنەکان ناکۆک بوون و شەڕی ناوخۆ لە ئارادا بوو.

 لە ٢٠٠٩ و ٢٠١٣ و ٢٠١٨ش بۆ ماوەی چەند مانگێک و تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتوو ماوەکەیان درێژکراوەتەوە.

 بۆ درێژکردنەوەکەی ئەمجارە، فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەری و ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکە بڕیاریانداوە دژی بن و دەوامی پەرلەمان نەکەن.

   لە کاتی پەسەندکردنی یاسای بەردەوامی خولی پێنجەم پشێووی دروستبوو بۆ رەتکردنەوەی یاساکە، ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن دەستیان بە فیکەلێدان و مێزکوتین کرد.

  تاوەکو ئێستا، لەو پەرلەمانتارانەی دژن، تەنیا چوار ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لەگەڵ شایان عەسکەری لە فراکسیۆنی گۆڕان بە فەرمی دەستیان لە کاری پەرلەمانی کێشاوەتەوە.