دوو کچە خوێندکار بە یەک رۆژ خۆیان کوشت

میدیازان – دیلان محەمەد – سلێمانی

 لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوو، دوو کچە خوێندکار لە ناحیەی شۆڕش و تەکیەی سەر بە قەزای چەمچەماڵ خۆیان کوشتووە، هۆکاری سەرەکی کێشەی خێزانی بووە، بە قسەی بەرپرسان.

 دوو کچەکە، یەکێکیان ١٤ ساڵە، دانیشتووی گەڕەکی رزگاریە لە ناحیەی تەکیە، ئەوی دیکەیان ٢٠ ساڵە، دانیشتووی گەڕەکی پیریارییەکانە لە ناحیەی شۆڕش، ناوی هەردووکیان لای میدیازان پارێزراوە.

“یەکێکیان بە گوریس خۆی خنکاندووە و ئەوی دیکەیان بە فیشەک خۆی کوشتووە”

قائیمقامی چەمچەماڵ

رەمەک رەمەزان، قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ کە هەمانکات سەرۆکی لیژنەی ئەمنی قەزاکەیە بە میدیازانی وت، هۆکاری خۆکوشتنی هەردوکیان “کێشەی خێزانی” بووە.

ئەو وتی، “کچە ١٤ ساڵەکە کەمێک گرفتی دەروونی بۆ دروستبووە بەهۆی مانەوەی چەندین ساڵ لە یەک قۆناغی قوتابخانە، ئەوە لەکاتێکدا دایکیشی گرفتی دەروونی هەبووە و باوکی هەستی بە بەرپرسیارێتی نەکردووە”.

بە گوریس خۆی خنکاندووە و پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.

 قائیمقامی چەمچەماڵ باسی ئەوەی دووەمیشی کرد، کچەکەی ناحیەی شۆڕش، ئەو قۆناغی ئامادەیی بووە و بە تفەنگی جۆری کڵاشینکۆف تەقەی لە خۆی کردووە.

 رەمەک رەمەزان بۆ میدیازان ئاماژەی بەوەکرد، بەگوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، لە ماڵەوە کێشەی ماددیان هەبووە، ئێستا دایک و باوکی بە مەبەستی لێکۆڵینەوە دەستبەسەرکراون.

 وتیشی، نایەوێت پێش لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس بکەوێت و ئەوانەی باسی کردووە، ئەنجامە سەرەتاییەکانن.