خوێندنی کوردی لە کەرکوک: هەموو رۆژێک گەشتکردن قەدەغەیە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە كەركوك، گەشتکردنی لە قوتابیان قەدەغە کرد و دەڵێت، تەنانەت لە رۆژانی هەینی و شەممەشدا، کە پشوون، باشترە نەچن بۆ سەیران.

شێرزاد رەشید، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکوک ئەمڕۆ یەکشەممە بە 964ی رایگەیاند، ئەمە بڕیارێکی وەزارییە، سەرجەم قوتابخانە کوردی و عەرەبییەکانی کەرکوک دەگرێتەوە.

ئەو هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە هێشتا لە دەوروبەری کەرکوک بارودۆخی ئەمنی ناجێگیرە.

 ئاماژەی بەوەش کردووە، رێوشوێنی یاسایی تووند بەرامبەر کارگێڕیی ئەو قوتابخانانە دەگرنەبەر، کە سەرپێچی رێنماییەکان دەکەن

شێرزاد رەشید دەڵێت، هیچ داواکارییەکی خوێندنگەکان بۆ ئەنجامدانی گەشتی قوتابیان قبوڵ ناکرێت و رێوشوێنی یاسایی تووند بەرامبەر کارگێڕی ئەو قوتابخانانە دەگرنەبەر، کە سەرپێچی رێنماییەکان دەکەن.

“ئاگاداری دایکان و باوکانی قوتابی و خوێندکارە ئازیزەکانمان دەکەینەوە، نەهێڵن هیچ گرووپ و رێکخراوێک گەشت ساز بدەن بۆ جگەرگۆشەکانتان لە دەرەوەی قوتابخانە، یان لە رۆژانی هەینی و شەممان، کە رۆژانی پشووی قوتابخانەیە،” شێرزاد رەشید وا دەڵێت.