شوێنی تایبەت بە ژنانی خانەنشین لە هەولێر دەکرێتەوە

964+
هێرۆ مەولودی
 لە شاری هەولێر شوێنێكی تایبەت بە ژنانی خانەنشین تەواو بووە و بریارە رۆژی 8ی ئادار، رۆژی جیهانیی ژنان بە فەرمی بکرێتەوە.
یونس عوسمان، ئەندامی دەستەی کارگێریی سەنتەری خانەنشینانی هەولێر تایبەت بە تۆڕی 964 وتی، “چەند ساڵێكه‌ ژنانی خانەنشین داوایان کردبوو ئەم بەشە لە سەنتەرەکەمان زیاد بکەین و ئێستا شوێنەکە ئامادەیە، سەرجەم پێداویستیەکانیش بۆ بەشەکە دابین کراوە”.
سەنتەری خانەنشینانی هەولێر، کە شوێنێکی دیارە و لە ناو باغی شارە، لە ساڵی 1998 کراوەتەوە و لە چەندان شوێنی تایبەتی وەک کتیبخانە، بنکەی تەندروستی و مزگەوت پێکدێت.
 یونس عوسمان ئاشكرای كرد، 150 ژنی خانەنشین، خاوەن ناسنامەی خانەنشینین و تەمەنیان لە 40 تا 65 ساڵە، رۆژانە دەتوانن کاتژمێر 10ی بەیانی تا 4 ئێوارە لەو شوێنەی تایبەت بە ژنان پشوو بدەن و رێگه‌ی هاتنەژوورەوەیان جیاوازه‌ بۆ دابین كراوه‌.
لە سەنتەرەكه‌دا ئەو خانەنشینانەی خاوەن ناسنامەی سەنتەرەکەن، رۆژانە بەدەم یارییەکانی وەک تاوڵە، دۆمینە، چایی خواردنەوە و قسەکردن، کات بە بەیەکەوە به‌سەردەبەن.