لەبەر تەپوتۆز و دەنگی کارگەکان گەڕەکەکانیان چۆڵ دەکەن

964+

هونەر فارس – دەربەندیخان

ژمارەیەک لە کارگەکانی دەربەندیخان لە نزیک ئاوەدانی و گەڕەکێکی قەزاکە بەرد و گەچ دەهاڕن، خەڵکی گەڕەکەکە هەراسان بوون و دەڵێن بەدەست دەنگی بەرز و تەپوتۆزی کارگەکانەوە ژیانمان نەماوە.

زیاتر لە 100 کارگەی بەرد و کەسارە و هاڕینی گەچ لە قەزای دەربەندیخاندا هەن، لەو ژمارەیەش بەشی سەرەکییان دەکەونە سەرەتای قەزاکە و بەدووری چەند مەترێک لە گەڕەکی 102ـەکان، شارەوانی قەزاکەش دەڵێت، کێشەی نەبوونی شوێنیان هەیە بۆ گواستنەوەی کارگەکان.

تەپوتۆز و دەنگی بەرزی کارگەکان بەڕادەیەک خەڵکی گەڕەکەکەی بێزار کردووە، کە بەشێکیان خانووەکانیان فرۆشتوە و ماڵیان بۆ گەڕەکێکی دیکە گواستووەتەوە.

عوسمان عەبدوڵا سەرۆکی شارەوانی دەربەندیخان بە تۆڕی 964ی راگەیاند، چەند جارێک هەوڵمانداوە بۆ گواستنەوەی کارگەکان، بەڵام گرفتی نەبوونی شوێنی گونجاو بۆ کارگەکان، بەربەستە لەبەردەم شارەوانیدا.

ئەو کارگانە پێشتر گرێبەستی هەمیشەییەکان بۆ کراوە، هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانیان کارێکی ئەستەمە، عوسمان عەبدوڵا وای وت.

قانع ئەنوەر ماوەی چوار ساڵە دانیشتووی گەڕەکی 102ـەکانە، ئەو بە تۆڕی 964ی وت، “نە خۆمان نە منداڵەکانمان بەدەست دەنگی بەرز و تەپوتۆزی کارگەکانەوە ژیانمان نەماوە، منداڵەکانم بەڕۆژ هێندە تەپوتۆز هەڵدەمژن، بە شەو تا بەیانی لەسەر جێگەکەیان لە تاو کۆکە خەویان لێناکەوێت.”

ئەمە لەکاتێکدایە، نزیکەی مانگێکە دانیشتووانی قەزاکە دژی نەبوونی خزمەتگوزاریی مانیان گرتووە.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر