عەلی دایی ده‌چێته‌ پاریس و سزاكه‌ی هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌

964+
هێرۆ مەولودی
عەلی دایی، یاریزان و راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی ئێران، قەدەغەی سەفەری لە سەر نەما و ئازادە، بڕیاریشه‌ سبه‌ی له‌ ئاهه‌نگی خه‌ڵاته‌كانی فیفا له‌ پاریس ئاماده‌ بێت.
دوای ئەو بریاڕەی دادگای ئێران بەرامبەر عەلی دایی، كه‌ قه‌ده‌غه‌ی سه‌فه‌ركردنی له‌سه‌ردانابوو، سه‌رچاوه‌كانی هەواڵ له‌ ئێران بڵاویان كرده‌وه‌، بڕیاره‌كه‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ و ئه‌مڕۆ ئه‌ستێره‌كه‌ی ئێران روو ده‌كاته‌ پاریس، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداریی ئاهه‌نگی دابه‌شكردنی خه‌ڵاته‌كانی باشترین یاریزانی جیهان بكات، كه‌ له‌ لایه‌ن فیفاوه‌ رێكده‌خرێت.
فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تیی تۆپی پێ “فیفا” به‌ ئیمه‌یل عەلی دایی بۆ ئاهه‌نگه‌كه‌ داوه‌ت كردووه‌ و داوایان لێكردووه‌ ئاماده‌ بێت.
عەلی دایی، کە بە پاشای تۆپی پێی ئێران ناسراوه‌، یەکێکە لەو کەسایەتییە دیارانەی ئێران، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی خه‌ڵكی ئێران دژی مەرگی ژینا ئەمینی، پشتیوانی خەڵک و خۆپێشاندەرانی كرد، به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ حکومەتی ئێران سەفەرکردنی بۆ دەره‌وەی  ئێران لێ قه‌ده‌غه‌ كردبوو.