خوێندکاری کۆلیژی پزیشکین و بەغدا دانیان پێدا نانێت

+964

میلاد جەلال – گەرمیان

ئەمڕۆ یەکشەممە خوێندکارانی کۆلیژی پزیشکی گشتی زانکۆی گەرمیان لە کەلار، لە بەردەم زانکۆکەیان گردبوونەوە و کۆمەڵێک داواکاریان ھەبوو کە سەرەکیترینیان بریتیە لەوەی حکومەتی ناوەندیی عێراق دان بە بڕوانامەکانیاندا بنێت.

ئەوان ژمارەیان نزیکەی 300 خوێندکارە، داواکارییەکانیان بریتیی بوو لە دانپێدانانی کۆلیژەکەیان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی عێراق، کردنەوەی نەخۆشخانەی فێرکاری، ھەروەھا زیادکردنی مامۆستا و ستافی کۆلێجی پزیشکی.

سێوە جەلال، خوێندکارێکی کۆلێژی پزیشکییە لە زانکۆی گەرمیان، ئەو بە تۆڕی 964ی وت، “داواکارییەکانمان پەیوەندی بە داھاتووی ھەموو خوێندکارەکانەوە ھەیە، لە رابردوودا چەندین بەڵێنمان پێدراوە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان و کارکردن بۆ دانپێدانانی کۆلیژەکەمان، بەڵام تەنیا قسە بووە و ھیچ ئەنجامێکمان نەبینیوە.”

ھەموو ساڵانی خوێندنمان بەفیڕۆ دەچێت

دەشڵێت، “ئەگەر دانپێدانان بۆ کۆلیژەکەمان نەکرێت ئەوا ناتوانین لە دوای زانکۆ بۆ بەشی تایبەتی پزیشکی (مختص) بخوێنینەوە و بەو جۆرەش ھەموو ساڵانی خوێندنمان بەفیڕۆ دەچێت.”

تۆڕی 964 چەندجارێک پەیوەندیی بە سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و راگری کۆلیژی پزیشکی کرد، بەڵام پەیوەندییەکان بێ وەڵام بوون.

کۆلێژی پزیشکیی گشتیی زانکۆی گەرمیان لە ساڵی 2018 لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە دامەزراوە، بەڵام تا ئێستا زانکۆی گەرمیان و کۆلیژی پزیشکییەکەشی لەلایەن وەزارەتی خویندنی باڵای عێراقەوە دانیپێدا نەنراوە.