بۆڕییه‌كی ئاو له‌ سلێمانی دوو رۆژه‌ ده‌شكێت

964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
بۆرییەکی ئاو لە کاتی كاركردن لە پرۆژه‌ی یەکتربڕی بەختیاری له‌ سلێمانی، لە دوو رۆژدا دوو جار شكا، بڕیاریش دراوه‌ بگوازرێتەوە.
بۆرییەکە 20 ئینجە و ئاو لە سەرچنارەوە بۆ گەڕەکی بەکرەجۆ و زانکۆی ئەمەریکی لە سلێمانی دەگوازێتەوە.
ئەحمەد حوسێن ئەندازیار و سەرپەرشتیاری پڕۆژەی یەکتربڕی بەختیاری بە تۆڕی 964 ی راگەیاند، “ئەمڕۆ بۆڕییەکی (20) ئینجی گواستنه‌وه‌ی ئاو بە هۆی کارکردن لە پڕۆژەکە شكاوه‌، هه‌روه‌ها دوێنێش جارێکی دیكه‌ شکابوو، بەڵام چاککرایه‌وه‌، ئەمڕۆ دوای هاتنەوەی ئاو بۆ ناو بۆڕییه‌كه‌، دووبارە شکایەوە”.
وتیشی، بۆرییەكه‌ کێشە بۆ پڕۆژەکە دروست دەکات و دوای چەند کاتژمێرێکی دیكه‌ بە شێوەیەکی کاتی چاک دەکرێته‌وه‌، به‌ڵام دواتر بۆرییەكه‌ لادەبرێت و بۆ شوێنێكی دیكه‌ دەگوازرێتەوە.
تۆڕی 964 ده‌زانێت، تا ئێستا هاوڵاتیان سکاڵایان لەسەر شکانی بۆرییەکە نەبووە، بەڵام ئاستەنگی بۆ پڕۆژەکە دروست کردووە.
پرۆژه‌ی یەکتربڕی بەختیاری لە 1ی مانگی 9ی ساڵی 2022 دەستیپێکردووە، دوو ئەندەرپاسی تێدایه‌ لە هەردوو ئاراسته‌ی رۆیشتن و هاتنی شەقامەکە، سەرەتا ماوەکەی 365 رۆژ بوو، بەڵام بۆ 500 رۆژ زیاد کراوە، تیچووی پرۆژه‌كه‌ 12 ملیار و 500 ملیۆن دیناری عێراقییە، گرووپی کۆمپانیاکانی H.S.T جێبەجێی دەکات.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵڵا