لە کەلار دەرزی گزاز نەماوە

+964
میلاد جەلال – گەرمیان

ماوەی 10 رۆژە دەرزی دژەگزازی پێوەدانی مار و دووپشک و گەستنی سەگ لە تەندروستی گەرمیان نەماوە، بەڕێوەبەرێکی تەندروستیش “دەڵێت ھەرکەس پێویستی بەو دەرزیە بێت، ده‌بێت بۆ چاکبوونەوەی دوعا بکات”.

دەرزی گزاز، بۆ بریندارانی رووداوەکانی ھاتووچۆ و پێوەدانی مار و دووپشک و بزرماری ژه‌نگاویش بەکاردێت.

کامەران محەمەد، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی گەرمیان بە تۆڕی 964ی راگەیاند، دەرزی گزاز ئێستا لە کۆگاکانیان نەماوە، تەنانەت لە سلێمانیش نییە بۆیان بنێردرێت، چاوەڕوانن وەزارەتی تەندروستی عێراق بەشەدەرزی پارێزگای سلێمانی بنێرێت و گەرمیانیش تێیدا بەشی بدرێت.

کاوە محەمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەھید ھەژار لە کەلار بۆ تۆڕی 964 دەڵێت، “ئەگەر کەسێک بێتە لامان پێویستی بەو دەرزیە بێت، لە نەخۆشخانەکەماندا نییە و تەنیا دەبێت دوعای خێری بۆ بکەین”.

پێداچوونەوە: توانا نەقی