لە دهۆک 280 هەزار پسوولەی خۆراک هەیە

دهۆک .. پڕۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک دەستیپێکرد

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

لە سنووری پارێزگای دهۆک بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک دەستیپێکرد، بڕیارە دواتر شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی رێکخستنی پسوولەی خوراک لە دهۆک، هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە بۆ ئەنجامدانی مامەڵەکانیان سەردانیان نەکەن بەهۆی سەرقاڵ بوونیان بە ئەنجامدانی مامەڵەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراکەوە.

حوسێن سەبری، بەڕێوەبەری رێکخستنی پسوولەی خۆراکی دهۆک بە تۆڕی 964ی وت، پڕۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک یەکەمجار لە نەجەف و کەربەلا و بەغدا دەستی پێکردووە، ئەمڕۆ یەکشەممەش بەفەرمی لە دهۆک دەستی پێکرد.

“سبەی تیمێکی تەکنیکی وەزارەتی بازرگانی عێراق دەگاتە دهۆک بۆ ئامادەکرنی کەلوپەلی پێویست بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک لە پارێزگاکە،” حوسێن سەبری وای وت.

پسوولەی خوڕاک دەکرێتە ئەلیکترۆنی و لەڕێگەی مۆبایلەکانتان مامەڵەکانتان ئەنجام بدەن

لە سنووری پارێزگای دهۆک، نزیکەی 280 هەزار پسوولەی خۆراک هەیە، دوای جێبەجێبوونی پڕۆژەکە چیتر پسوولەی خوڕاکی کاغەز نامێنێت و خەڵک لەرێگەی مۆبایلەکانیان دەزانن کەی بەشە خۆراکیان پێدەگات و چی وەردەگرن.

بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، سیستمی ئینتەرنێت و وزی خۆر لە بەڕێوەبەرایەتی رێکخستنی پسوولەی خوراک لە دهۆک دادەنرێت.

حوسێن سەبری دەڵێت: ئەگەر کارەباش نەبێت سوود لە وزەی خۆر وەردەگرین بۆ راییکردنی کارەکان و گۆڕینی هەموو پسوولەکان بەپێگەی ئەلیکترۆنی.

بڕیارە دوای دهۆک، پڕۆسەکە لە هەولێر و سلێمانیش ئەنجام بدرێت و کۆی پڕۆسەکەش لەسەر ئاستی عێراق دەبێت لەماوەی چوار مانگدا ئەنجام بدرێت.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر