لە زاخۆ پڕۆژە بە پڕۆژە دەڵێ بڕۆ بەولاوە

964+

شڤان عەبدوڵڵا – زاخۆ

له‌ یه‌ك رۆژدا چوار پڕۆژە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەست بە جێبەجێکردنیان کرا.

سێ لە پڕۆژەکان دوێنێ یەکشەممە بەردی بناغەیان دانرا، کە بریتیین لە بەنداوێک لە گوندی زێوک سندی، لقی بانکی کوردستان لە زاخۆ، باخچەیەکی ساوایان لە ناحیەی رزگاری و پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون.

جگە لە لقەکەی بانکی کوردستان، کە ئامادەیە، پرۆژەکانی دیكه‌ لە ماوەی یه‌ك ساڵ تا 3 ساڵ تەواو دەکرێن.

ئەندازیار هێژا محه‌مه‌د، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بۆ کاروباری خزمەتگوزاری و ئەندازیاری بۆ 964 وتی: بەنداوەکە لەسەر 230 هەزار مەتر چوارگۆشە دروست دەکرێت و تەنیا بۆ کاری کشتوکاڵی بەکاردێت.

وەک ئەو دەڵێت، پڕۆژەی نیشتەجێبوونەکە بەناوی گوندی هۆڵەندییە و لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی دهۆکەوە مۆڵەتی پێ دراوە.

“لقی بانکی نێودەوڵەتیی کوردستان لە زاخۆ کرایەوە و دەبێتە پردێکی هاوکاریی نێوان خەڵک و بازرگانان و وەبەرهێنەران”، شڤان عەبدی، بەرپرسی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ وای وت.

تۆڕی 964 دەزانێت، لە ناحیەی رزگاریی سەر بە ئیدارەی زاخۆ باخچەیەکی ساوایان لە لایەن کۆمپانیای هیوا هۆڵدینگەوە جێبەجێ دەکرێت و رادەستی پەروەردەی زاخۆ دەکرێت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵڵا