هێشتا هۆکارەکەی نەزانراوە

لە دینارتە لە چوار رۆژدا 400 کەس تووشی سکچوون و رشانەوە بوونە

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

لە سنووری ناحیەی دینارتە 400 کەس لە چوار رۆژدا تووشی سکچوون و رشانەوە بوون، بەڵام تائێستا تەندروستی شارەکە هۆکارەکەی نازانێت.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دینارتە لیژنەیەکی 10 کەسی پێکهێناوە و نموونەیان لە ئاوی ناحیەکە وەرگرتووە، بەڵام تا ئێستا هۆکاری ئەو حاڵەتەیان رانەگەیاندووە.

ناحیەی دینارتە سەر بە قەزای ئاکرێیە لە پارێزگای دهۆک.

سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە بە توڕی 964ـی راگەیاند: پێشتر ئەو حاڵەتانە لە ئاکرێ و دهۆکیش تۆمار کراون، بەڵام بەو رێژە زۆرە نەبووە کە لە دینارتە هەیە.

حاڵەتەکان لەرۆژی پێنجشەممەی رابردوو 23ـی ئەم مانگە دەرکەوتوون.

تۆڕی964 دەزانێت، حاڵەتەکان قورس نین و نەخۆشەکان بە وەرگرتنی “مغەزی” و هەندێ دەرمان چاک دەبنەوە و هیچ نەخۆشێکیش رەوانەی دەرەوەی ناحیەکە نەکراوە.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دینارتە ئامادە نەبوون لێدوان بدەن “تا ئەنجامی پشکنینەکانمان دەرنەچێت لێدوان لەوبارەیەوە نادەین”.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد