چەندە مۆدێلی کۆنتر بێت هێندە نرخەکەی گرانترە
گەنجێک بە ئۆتۆمبێلی کلاسیک سەرنجی دهۆکییەکان رادەکێشێت
964+
زەید کۆچەر -دهۆک
گەنجێکی دهۆکی پێشانگایەکی جیاوازی ئۆتۆمبێل دەکاتەوە کە ئۆتۆمبێلی کلاسیکن و تێیدا هەیە 91 پێش ئێستا دروستکراوە.
خاوەنی پێشانگایەکە وەک خۆی باسی دەکات بیرۆکەکەی لە وڵاتانی رۆژئاوا وەرگرتووە و بەو پێیەی خۆی پێشتر لەوێ ژیاوە.
ئەو گەنجە لە پلانیدا هەیە مۆزەخانەیەک بۆ ئۆتۆمبێلە مۆدێل کۆنەکان بکاتەوە، لەناو پێشانگایەکەیدا ئۆتۆمبێلی مۆدێل 1932 هەیە و نرخەکەشی سەرووی 150 هەزار دۆلارە.
ئەمیر حوسێن نێروەیی، خاوەنی پێشانگاکەیە و قسەی بۆ تۆڕی964 کردووە و دەڵێت: ئەوەی کردوومە یەکەم پێشانگای ئۆتۆمبێلی کلاسیکە لە کوردستان و عێراق، پێشانگای دیکە هەن بەڵام وەک ئەوەی ئێمە نییە بەڵکو هی ئەوان تێکەڵەن لە ئۆتۆمبێلی مۆدێل کۆن و نوێ.
دەشڵێت: ئێمە ئۆتۆمبێلەکان لە وڵاتانی ئەمەریکا و کەنەدا دەهێنین، ئەمەش کارێکی زەحمەتە تەنانەت لەوێش.
پێشانگای ئەمیر کلاسیک، دەکەوێتە ناو پێشانگاکانی ئۆتۆمبێکی تەناهی، لە پێشانگایەکەدا چەندە ئۆتۆمبێلە مۆدێلی کۆن و دەگمەن بێت ئەوا هێندە زیاتر نرخەکەی گرانتر دەبێت.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق