بازاڕ پڕ ىووە لە شاڵی بێکوالێتی
شاڵ بازاڕی لە باشیدا نییە
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
لەگەڵ ئەوەی لە بەهار و جەژنی نەورۆز نزیکدەبینەوە بەڵام بازاڕی جلوبەرگی شاڵی کوردی باش نییە.
لە بازاڕەکانی هەرێم سێ جۆر شاڵ هەیە، شاڵی زاخۆیی کە گرانترینیانە و نرخی لە 1200 دۆلارەوە دەستپێ دەکات تاوەکو سەرووی پێنج هەزار دۆلار، شاڵی کانی توویی ئیدارەی راپەڕین نرخەکەی 500 هەزار دینارە و شاڵی هەورامیش هەیە و نرخەکەی 300 هەزار دینارە.
ئەمساڵ بەراورد بەساڵانی رابردوو نرخەکان گرانتر بوون، بەڵام هێشتا وەک پێنج ساڵێک پێش ئێستا نییە، چونکە نرخی دەستێک شاڵی زاخۆیی تا بەجۆرێک گرانبوو کەم کەس هەبوو بتوانێت بیکڕێت.
محەمەد سدیق، فرۆشیارێکی شاڵە لەناو بازاڕی شاری سلێمانی بە تۆڕی964ـی وت: بەداخەوە بازاڕی شاڵ باش نییە و هاوڵاتیان ناتوانن بیکڕن.
شاڵی زاخۆیی هەموو پێداویستییەکانی دروینی لە وڵاتی تورکیاوە دێت، هەروەها پێچەوانەی جۆرەکانی تری شاڵ رەنگ دەکرێت و هەموو رەنگەکانی دەستدەکەون.
“ئێستا شاڵێکی زۆری کوالێتی خراپ لە بازاڕدا هەیە و بازاڕی شاڵە باشەکەی شکاندووە”، محەمەد سدیق وای وت.