گه‌نجێكى سنوورى به‌رده‌ڕه‌ش به‌فڕێدراوى دۆزرایه‌وه
964+
زەید کۆچەر – بەردەرەش
گه‌نجێكی سنوورى به‌رده‌ڕه‌ش دواى رۆژێك له ونبوونى، به‌فڕێدراوى ده‌دۆزرێته‌وه، ده‌ڵێن پاره‌ى بردووه بۆ ئه‌وه‌ى شت بۆ دوكانه‌كه‌ى بكڕێ، به‌ڵام كه دۆزراوه‌ته دیناریان له گیرفان نه‌هێشتیه.
به‌پێی زانیارییه‌كانى تۆڕى964، ئه‌و گەنجە ناوی یاقوب گۆرانه، تەمەن 27 ساڵ و خێزاندارە و خاوەن 2 مناڵە، خه‌ڵكی گوندی ئیسماوایه و لە رۆژى 25.2.2023 ون ده‌بێت، به‌ڵام دواتر به‌فڕێدراوى ده‌دۆزرێته‌وه.
كه‌سێكی نزیك له‌و گه‌نجه به تۆڕى964ـى وت “لە کاتژمێر 2 پاش نیوەڕۆى دوێنێ شه‌ممه، موبایلەکەی یاقوب داخراو هیچ هەواڵێکمان لێی نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه په‌یوه‌ندیان پێوه‌كردین و له‌سه‌ر رێگاى كه‌ركوك له هه‌ولێر به‌فڕێدراوى دۆزرایه‌وه”.
به‌قسه‌ى ئه‌و كه‌سه كه نه‌یویست ناوى بڵاوبكرێته‌وه، یاقوب دوكانى فرۆشتنی جلوبەرگى پیاوانى له به‌رده‌ڕه‌ش هه‌یه و سه‌ردانى هه‌ولێری كردووه بۆ ئه‌وه‌ى شت بۆ دوكانه‌كه‌ى بهێنێ، وتیشی “كه دۆزیمانه‌وه هه‌رچی پاره‌ی پێبووه بۆ شت كڕین هه‌موویان لێسه‌ندووه”.
ده‌شڵێت، لە ئێستادا لە نەخۆشخانەیە لە شاری هەولێر چارەسەر وەردەگرێت .
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن