دواهەمین “شەقاوە”ی عێراق باس له‌ شه‌قاوه‌كانى كورد ده‌كات

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

رەزوقی کوبرا كه‌ به‌ دواهەمین ” شەقاوەی عێڕاق” خۆی ده‌ناسێنێت، باس له‌ به‌ناوبانگترین شه‌قاوه‌ كورده‌كانى پێشوو له‌ هه‌ولێر ده‌كات و ده‌شڵێت “سلێمانى شه‌قاوه‌ى نه‌بووه‌ له‌ شه‌قڵاوه‌ش ته‌نیا یه‌ك شه‌قاوه‌ هه‌بوو”.

رەزوقی کوبرا، پیاوێكی چوارشانه‌و سمێڵ زل، له‌ ناحیه‌ى حه‌یدره‌یه‌ی پارێزگاى نه‌جه‌ف ده‌ژیێت، په‌یامنێرى تۆڕی 964 سه‌ردانى كرد و یادگارییه‌كانى سه‌رده‌مى پێشووى شه‌قاوه‌تى خۆى و هاوڕێكانى باسده‌كات.

دكتۆر عه‌لى وه‌ردى كۆمه‌ڵناسی ناودارى عێراق له‌باره‌ى دیارده‌ى شه‌قاوه‌كان له ‌عێراقدا ده‌ڵێت “له‌سه‌رده‌مى عوسمانییه‌كانه‌وه‌ ئه‌وانه‌ى ده‌سه‌ڵاتدارى شارو شاروچكه‌كانیان ده‌كرد پێیان ده‌وتن شه‌قاوه‌”.

ده‌شڵێت، ته‌نانه‌ت یه‌كێك له‌و شه‌قاوانه‌ى كه‌ ده‌سه‌ڵاتى به‌سه‌ر ته‌واوى به‌غدا هه‌بوو، توانى والى توركه‌ عوسمانییه‌كان له‌ به‌غدا ده‌ربكات.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌، كه‌ شه‌قاوه‌كان له‌و كه‌سانه‌ بوون كه‌ رووبه‌ڕووى خه‌ڵكه‌ هه‌ژار و لێقه‌وماوه‌كه‌ نابونه‌وه‌، به‌ڵكو هه‌میشه‌ پشتوپه‌ناى ئه‌وان بوونه‌ و ده‌شڵێت “پاره‌ و خاوه‌یان له‌ ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌رمایه‌داره‌كان ده‌سه‌ند و ده‌یاندایه‌ ماڵه‌ هه‌ژاره‌كان”.

رەزوقی کوبرا، له‌و ڤیدیۆیه‌یدا باس له‌ شه‌قاوه‌كانى هه‌ولێر ده‌كات و ده‌ڵێت “به‌ناوبانگرترینیان ناوى شێركۆ بوو، له‌ شه‌قڵاوه‌ش ناجی حه‌سه‌ن غولام به‌ ناوبانگترین شه‌قاوه‌یان بوو”.

به‌ڵام له‌باره‌ى شارى سلێمانییه‌وه‌ ده‌ڵێت “سلێمانى شه‌قاوه‌ى لێ نه‌بووه‌”.

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات كه‌ له‌ ساڵی هه‌شتاكانه‌وه‌ به‌هۆی ترسی له‌ ده‌سه‌ڵاتى به‌عس هه‌ڵاتووه‌ بۆ سلێمانى و ده‌ڵێت “له‌وێ زۆر ریزیان لێگرتم”.

به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانى تۆڕى 964، یه‌كێك له‌ شه‌قاوه‌ هه‌ره‌ ناوداره‌كانى كورد له‌ به‌غدا ژیاوه‌ و هاوڕێ سه‌رده‌مى گه‌نجى سه‌دام حوسێن بووه‌، ناوى جه‌بار كوردی بووه‌، كه كوردێكى فه‌یلى بووه‌ و له‌ گه‌ڕه‌كى فه‌زڵی به‌غدا نیشته‌جێ بووه‌.

لێكۆله‌ر هادى حه‌سه‌ن علێوى، له‌ با‌به‌تێكیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ “زۆر جاران سه‌دام بۆ مه‌رامه‌كانى خۆى جه‌بار كوردی به‌كارهێناوه‌ و تا دواى وه‌رگرتنى ده‌سه‌ڵاتى عێراقیش له‌لایه‌ن سه‌دامه‌وه‌ هه‌ر له‌گه‌ڵى ماوه‌ته‌وه‌ و دواتریش به‌هۆى ترسی له‌ جه‌بار كوردی، ته‌واوى خێزانه‌كه‌ى به‌ پێدانى ژه‌هر له‌ناو بردوون”.

كۆبرا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ شه‌قاوه‌كان بە سروشت ئاشتیخوازبوون، هه‌میشه‌ كاریان بۆ بەدەستهێنانی مافی ئەو هەژار و کەمدەرامەتانە ده‌كرد کە تووشی گۆشەگیری و نادادپەروەری بوون.

کۆبرا خۆی بە “بەناوبانگترین “شەقی گەڕەک” وەسفکردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە “هەموو شارێکی عێراقی شەقاوەیەکی بەناوبانگی خۆی هەبوو”.

کۆبرا لە قسەکانی پشتی بە کتێبێک بەستووە بە ناوی “شەقاوات بەڵام” کە ناوی هەموو شەقاوە به‌ناوبانگەکانی عێراقی تێدایە و ئەویش یەکێکە لەوانە.