بەنداوەکە خۆی 30٪ـی ئاوی تێدایە

رووباری دیجلە بە ئاوی بەنداوی دوکان تینوێتی دەشکێت

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

بەشێکی ئاوی بەنداوی دوکان بۆ بووژاندنەوەی رووباری دیجلە بەردراوەتەوە. بەغدا و هەرێم زانیارییەکە پشتڕاست دەکەنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26.2.2023 وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاند، بە هۆی کەم ئاوییەوە، بەشێکی ئاوی بەنداوی دوکان بۆ بووژانەوەی رووباری دیجلە بەردراوەتەوە.

بەنداوی دوکان دوو ملیار و 200 ملیۆن مەترسێجا ئاوی تێدایە، لەکاتێکدا بەنداوەکە توانای گڵدانەوەی حەوت ملیار مەترسێجا ئاوی هەیە.

کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان بە تۆڕی964ـی وت: بڕێکی کەمی ئاوەکە بۆ بووژانەوەی رووباری دیجلە بەردراوەتەوە.

دەشڵێت، بەنداوەکە تا ئێستا زیادی نەکردووە و چاوەڕوانی بارانی بەهار و توانەوەی بەفری کوێستانەکانین تا ببێتە سەرچاوەی زۆربوونی ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان.

بەھۆی سیاسەتی وڵاتانی دراوسێوە 70%ـی پشکی ئاو ناگاتە عێراق، چونکە ئەو رێژە ئاوەی عێراق لەوڵاتانی تورکیا و ئێرانەوە دێت و ئەو وڵاتانەش سیاسەتی تایبەتیان بۆ دروستکردنی بەنداوی گەورە و گۆڕینی رێڕەوی رووبارەکان ھەیە.