بارسێلۆنا دۆڕا و شێخ دڵخۆشه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا

له‌ خولی پله‌ یه‌كی ئیسپانیا، یانه‌ی بارسێلۆنا به‌ شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو به‌ یانه‌ی ئه‌لمیریا دۆڕا، توركی ئال شێخی سه‌رۆكی یانه‌ی ئه‌لمیریاش سوپاسی خوا ده‌كات.

له‌ گه‌ڕی 23ی لالیگای ئیسپانیا، یانه‌ی بارسێلۆنا له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆی به‌ 0-1 گۆڵ به‌ یانه‌ی ئه‌لمیریا دۆڕا، گۆڵه‌كه‌ی ئه‌لمیریا بیلال تۆرێ تۆماری كرد.

له‌ دوای یارییه‌كه‌ توركی ئال شێخی سعوودی، خاوه‌نی یانه‌ی ئه‌لمیریا له‌ توویته‌ر خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ركه‌وتنی یانه‌كه‌ ده‌ربڕی و نووسیویه‌تی “سوپاس بۆ خوا، هیلال و ئه‌لمیریا له‌ یه‌ك كاتدا”.

هیلالی سعوودی شه‌وی رابردوو به‌ 7-0 گۆڵ له‌ یانه‌ی دحێلی قه‌ته‌ڕی برده‌وه‌ و گه‌یشته‌ یاری كۆتایی چامپیۆنزلیگی ئاسیا.

ئال شێخ جگه‌ له‌ خاوه‌نداریه‌تی ئه‌لمیریا، سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی سه‌رگه‌رمییه‌ له‌ سعوودیه‌ و به‌رپرسێكی باڵای وه‌رزشییه‌ له‌ سعوودیه‌.

یانه‌ی بارسێلۆنا دوای شكسته‌ی شه‌وی رابردوو، هه‌ر له‌ پله‌ی یه‌كه‌می لالیگایه‌ به‌ 59 خاڵ و ریال مه‌دریدیش له‌ پله‌ی دووه‌مه‌ به‌ 52 خاڵ.