بازرگانان چۆن دەتوانن 100 دۆلاریان بە 131 هەزار دەستبکەوێت؟

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

دوو نرخی جیاواز بۆ بەھای دینار بەرامبەر دۆلار، بازاڕی شتومەکی بەسەر دوو نرخدا دابەش کردووە، بانکی ناوەندی 100 دۆلار بە 131 ھەزار دینار دەدات، بەڵام لە بازاڕدا 100 دۆلاری ئەمریکی بە نزیکەی 153 ھەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

ئەم دوو نرخە بازرگان و فرۆشیارانی دەستکراوە کردووە و نرخی جیاواز بۆ خۆراک، سەوزە و میوە و شتومەک دادەنێن.

بازرگانان دەتوانن بە نرخی کۆ 100 دۆلار بە 135 ھەزار بۆ 140 ھەزار دینار بکڕن، بەڵام دەبێت چەند رێکارێک هەیە بیگرنەبەر.

بە پێی رێنماییەکانی بانکی وەبەرھێنانی عێراقی، پێویستە بازرگانان پشتیگیری ژووری بازرگانی پارێزگاکانی خۆیان و بەڵگەنامەی یاساییان پێبێت و ئاراستەی بانکی ناوەندیی عێراقی بکەن، تا بتوانن لە بڕیارەکە سوودمەندبن..

کامەران قادر پسپۆری ئابووری بە تۆڕی 964ی وت، “بۆ ئەوەی ئەو جیاوازییەی لە نرخ بەدی دەکرێت بە زیانی خەڵک نەشکێتەوە، جگە لەو بازرگانانەی کە لە ئێران و سووریاوە شتومەک ھاوردە دەکەن، دەبێت بازرگانانی دیکەش سەرجەم گرێبەست و کەلوپەلە ھاوردەکراوەکان لە رێگەی نوێنەرە ناراستەوخۆکانەوە (بانکی بازرگانی و نووسینگەکانی)، ئاراستەی بانکی ناوەندیی عێراق بکەن، تا دۆلاریان بە نرخی 130 ھەزار دینار بۆ 100 دۆلاری ئەمریکی پێ بفرۆشێت”.

ئەو پسۆرە پێی وایە، جیاوازی نرخ لە نێوان بانکی ناوەندی و بازاڕ نابێت بەو رادەیەی ئێستا بێت، بە تایبەت بۆ عێراق، چونکە عێراق کێشەی دراوی نەختینەی نییە، وتیشی، “ئەو جیاوازییە کاتێک نامێنێت، بازرگانان پشتراستی کارە بازرگانییەکان و کاڵا هاوردەکراوەکانیان بە مۆری گومرگی بکەنەوە”.

“من بڕوام وایە تا مانگی ئایاری ئەمساڵ، ئەو جیاوازییە لە نرخ نەمێنێت، ئەم پرۆسەیەش پێویستی بە بازرگانی شەفافە کاتێک دەچێتە چوارچێوەی سیستمی بانکی ناوەندیی عێراقەوە،”  کامەران قادر وای وت.