نەریمان بابان بەڵێنەکەی دەهێنێتەدی

964+
پەرستۆ ساڵح

هونەرمەند نەریمان بابان، بەڵێنەکەی جێبەجێ دەکات و پێش هاتنی بەهار و جەژنی نەورۆز کۆنسێرتکی گەورە ساز دەکات.

بڕیاره‌ لە 9ی مانگی ئادار، نەریمان بابان کاتژمێر 5ی ئێوارە کۆنسێرتێکی گەورە لە تەلاری هونەری سلێمانی سازبکات، ئەوەش دوای ئەوەی ساڵی 2022 لە ژێر ناونیشانی “ستوون” سێ کۆنسێرتی گەورەی ساز کرد، بەڵام خەڵکێکی زۆر گلەییان هەبوو لەوەی بەهۆی کەمیی شوێنه‌وه‌ نەیانتوانیوە ئاماده‌بن.

نەریمان بابان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک نووسیویه‌تی، “لە کۆنسێرتی ساڵی رابردوودا بەڵێنی کۆنسێرتێکی دیكه‌مان له‌ هاویندا پێدان، بەڵام بە ھۆی ئەو زنجیرە رووداوە ناخۆش و ناسەقامگیرییانەی وڵات، زیاد لە چەندجارێك دوامخست”.

نەریمان بابان لەدایکبووی سلێمانییە و لە ساڵی 1983 یه‌كێك بوو له‌ دامه‌زرێنه‌رانی تیپی موزیكی بابانی دامەزراندووە و جگە لە کارەکانی خۆی، ئاواز و هۆنراوەی بۆ چەندین هونەرمەندی دیکە داناوە، بەر لە سێ مانگیش نەریمان بابان دواین کلیپی بەناوی “باز” بڵاوکردەوە.