نوسین لەسەر دیواری قوتابخانەی کچان لەدەست دەرچووە

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

لە کەرکوک نووسین لەسەر دیواری قوتابخانەكانی كچان بووەتە دیاردە، بەرپرسانی پەروەردەی شارەکە پێشنیاری ئەوە دەکەن کامێرای چاودێری یان پاسەوان بۆ قوتابخانەکان دابنرێت.

نەبەز رۆستەم، بەرپرسی راگەیاندنی هۆبەی خوێندنی كوردی لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی كەركوك، بە تۆڕی 964ی وت “نووسین لەسەر دیواری قوتابخانەکانی کچان دیاردەیەكی زۆر ناشیرینە و مێژوویەكی دوور و درێژی هەیە لە عێراقدا، پێموایە وا بە ئاسانی بنبڕ ناكرێت.”

دەشڵێت، بەشێكی زۆر لە قوتابخانەكان پاسەوانی شەوانیان نییە، پێشنیاری ئەوە کراوە کامێرای چاودێری و پاسەوان بۆ قوتابخانەکان دابنرێت، بۆ ئەوەی رێگری لەم دیاردەیە بکرێت..

“سەرۆك، بەختم وەكو جامی سەیارەكەت رەشە ” ئەمە یەکێک لەو دروشم و توانجانەیە، كە لەلایەن چەند گەنجێگی هەرزەكارەوە لەسەر دیواری یەکێک لە قوتابخانەكانی كچانی شاری كەركوك نووسراوە.

سەیران عەلی، مامۆستای یەكێك لە قوتابخانەكانی گەڕەكی شۆرجەی کەرکوکە، بە تۆڕی 964ی وت “هەندێك لە هەرزەكاران، كە ئاستی رۆشنبیرییان کەمە، توانج و قسەی نەشیاو لەسەر دیواری قوتابخانەكانی کچان دەنووسن.”