تارا رەسوڵ و عەتا قەرەداغی گۆرانییەکی عه‌لی مه‌ردان نوێدەکەنەوە

964+
پەرستۆ ساڵح

هەردوو هونەرمەند تارا رەسوڵ و عەتا قەرەداغی بۆ یەکەمجار لە دوێتێکدا گۆرانییەکی هونه‌رمه‌ند عەلی مەردان نوێدەکەنەوە.

گۆرانی “ئای چەندم خۆشدەوێ”  کە بەرهەمێکی هونەرمەندی کۆچکردوو عەلی مەردانە، لە کلیپێکی رۆمانسیدا نوێدەکرێتەوە و سەرەتای مانگی ئادار بڵاودەکرێتەوە، کە لە لایەن بڕیار فەتاح کاری دەرهێنانی له‌ سلێمانی بۆ کراوە.

تارا رەسوڵ لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی 964 وتی “له‌ رۆژی لەدایکبوونم، بە رێکەوت من و عەتا قەرەداغی گۆرانیەکەمان وتەوە و دواتر بڕیارماندا پێکەوە نوێی بکەینەوە، هەرچەندە بڕیاربوو لە 14ی شوبات و رۆژی عاشقان بڵاویبکەینەوە، بەڵام بارودۆخی باکووری کوردستان و رۆژئاوا رێگه‌ی پێنەداین”.

تارا رەسوڵ ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر دوایین کلیپی بە ناوی “ئەو یارە” بڵاوکردەوە، کە کارێکی شادئامێز بوو، هاوکات بۆ ساڵی 2023 چوار بەرهەمی دیکەی ئامادەیە و بە نیازە بڵاویان بکاتەوە.

تۆڕی 964 دەزانێت، ئێستادا تارا رەسوڵ و چۆپی فەتاح لە گفتوگۆدان و لە پلانیان هەیە پێکەوە دوێتێک بڵاوبکەنەوە.