قوتابیانی چەمچەماڵ بەهرەکانیان پێشان دەدەن

964+

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

فێستیڤاڵی ساڵانەی قوتابخانەکانی سنووری چەمچەماڵ دەستیپێکردەوە و ئەمڕۆ لە رۆژی دووەمی فێستیڤاڵەکەدا، پێشانگەی شێوەکاری خوێندنگە ناوەندییەکان بەڕێوەدەچێت.

لە فێستیڤاڵەکەدا 17 قوتابخانەی ناوەندی و حەوت قوتابخانەی سەرەتایی بەشدارن، لە ماوەی پێنج رۆژدا و رۆژانە لە کاتژمێر 8:30ی بەیانی تا 4:00ی پاش نیوەڕۆ قوتابییان لە رێگەی موزیک، شانۆ، کاری دەستی و وێنەکێشان بەهرەکانیان پێشان دەدەن.

تێچووی هەموو ئامادەکارییەکان نزیکەی ملیۆنێک و 100 هەزار دینارە

فاتیح بابەکەریم، لێپرسراوی هۆبەی چالاکی سەر بە پەروەردەی چەمچەماڵ، بە تۆڕی 964ی وت، ” فێستیڤاڵەکە بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت و تێچووی هەموو ئامادەکارییەکان نزیکەی ملیۆنێک و 100 هەزار دینارە و لە ئەستۆی پەروەردەی چەمچەماڵدایە.”

دوێنێ شەممە، قوتابیان لە 27 خوێندگەی ئامادەیی لەسەر ئاستی چەمچەماڵ و ناحیەکانی بەشداری فێستیڤاڵەکە بوون و بڕیارە سبەی چوارشەممە، پێشانگەیەکی تایبەت بە شێوەکاری لە میانەی فێستیڤاڵەکەدا بکرێتەوە.

رۆژی پێنجشەممە، لە قوتابخانەی ئامادەیی شێخ رەزا، لە ناحیەی شۆڕش، بە چالاکیی شانۆ و میوزیک کۆتایی بە فێستیڤاڵەکە دەهێنرێت، فاتیح بابەکەریم وای وت.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر

بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە. فۆتۆ/964+

بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە. فۆتۆ/964+