شەشەمین فێستیڤاڵی ئاران لە گەرمیان بەڕێوەدەچێت

964+

هونەر فارس – گەرمیان

بەشی زمانی کوردی لە کۆلیژی بنەڕەتی زانکۆی گەرمیان، هەستان بە ئەنجامدانی شەشەمین فێستیڤاڵی هونەری و ئەدەبی ئاران.

فێستیڤاڵەکە لە ژێر ناونیشانی “پرچی ئاران لە بەستێنی سیرواندا” بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

لە فێستیڤاڵەکەدا خوێندکار و مامۆستایانی زانکۆ و ئەدەبدۆستان، بەشدارن و لە رۆژی یەکەمدا چەند پارچە گۆرانی و میوزیکێک لە لایەن گرووپی میوزیکی یارانەوە بەڕێوەچوو.

مەریوان حەمەکەریم، سەرۆکی بەشی کوردی زانکۆی گەرمیان، بە تۆڕی 964ی ڕاگەیاند، فێستیڤاڵەکە دەرفەتێکە بۆ ئەو خوێندکارانەی کە بەهرەیەکی ئەدەبییان تێدایە بۆ ئەوەی دەستیان بگیرێت و بهێنرێنە پێشەوە بۆ پەرەپێدانی بەرهەمە ئەدەبییەکانیان.

دواتر قوبادی جەلیل زادە، بە خوێندنەوەی چەند پارچە شیعرێک جۆش و خرۆشی زیاتری بە فێستیڤاڵەکە بەخشی و پاشان شەشەمین خەڵاتی میوانی ئارانی پێ بەخشرا.

رۆژی دووەمی فێستیڤاڵەکە، پێشبڕکێیەکی شیعر و چیرۆک بۆ خوێندکارانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و لەلایەن لیژنەیەکەوە هەڵسەنگاندن بۆ بەشداربوانی پێشبڕکێیەکە دەکرێت و خەڵات بەسەر سێ یەکەمەکانی شیعر و چیرۆکدا دابەش دەکرێت.

هەر لە فێستیڤاڵەکەدا پێشانگەیەکی کتێب و پێشانگەیەکی فۆتۆگرافی کراوەتەوە و چەندین وێنەی باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکانی تێدا نمایش کراوە و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

فێستیڤاڵی ئاران، فێستیڤاڵێکی هونەری و ئەدەبییە و ساڵانە بەشی کوردی زانکۆی گەرمیان، بە مەبەستی برەودانی زیاتر بە هونەر و ئەدەب ئەنجامی دەدات.

پێداچوونەوە: توانا نەقی