“لەهەرێمی كوردستاندا 5740 بیره‌ئاوی فەرمی هەن”

964+

فەرهاد حەسەن

بەپیِی ئەو ئامارە فەرمییەی كە تۆڕی964 لە ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم وەریگرتوە، لە هەرێمی كوردستاندا نزیكەی 6000 بیرەئاوی فەرمی هەن، كە لەناویاندا هەزار 400 بیرەئاو كەوتوونەتە سنووری هەولێر، بەڕێوەبەری گشتیش دەڵێت، لەپلانیاندایە بەشێكی ئەو بیرەئاوانە دابخەن.

ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم، بۆ تۆڕی964 ئەوەی ئاشكرا كرد كە لە هەرێمی كوردستاندا، 5740 بیرەئاوی فەرمی هەن، كە لەرێگەی بەڕێوەبەرایتییەكانی ئاوەوە لێدراون.

بەپێی بەدواداچوونەكانی تۆڕی964یش جگە لەو بیرە فەرمیانە، بەسەدان بیری نافەرمیش لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان لێدراون، ئەمەش كاریگەری زۆری لەسەر كەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی هەرێمی كوردستان دروستكردووە.

لە هەرێمی كوردستاندا 5740 بیرەئاوی فەرمی هەن، كە لەناویاندا هەزار 400 بیرەئاو كەوتوونەتە هەولێر

هەروەك ئاری ئەحمەد باسیكرد، حكومەت پلانی هەیە چارەسەرێكی ئەو بیرەئاوانە بكات دەشڵێت “تەنها لەهەولێر هەزارو 400 بیرەئاوی فەرمی هەن، بەنیازین لەداهاتوودا تەواوی ئەو بیرانە بەچەند قۆناغێك دابخەین”.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەوەزارەتی كشتوكاڵ، بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوەكانی ئاو چەندین پێشنیار خراوتە بەردەست ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بابەتی بیرە نایاساییەكانی هەرێمی كوردستان نەهێڵدرێن و كۆنتڕۆڵ بكرێن، ئاشكراشی كرد كە “پلانێك هەیە كە بۆ تەواوی بیرەئاوە یاسایی و نایاساییەكان پێوەری خوێندنەوەی ئاو ببەسترێت”.