دهۆک.. رێگای 14 گوند قیرتاو دەکرێت

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

بەگوژمەی ملیارێک دینار رێگای ژمارەیەک گوند لەسنووری ناحیەی بامەڕنێ و کانی ماسێ قێرتاو دەکرێن و بەشێکیان نوژەن دەکرێنەوە.

حکومەتی هەرێم، لەمانگی کانونی دووەمی 2023 بڕی زیاتر لەیەک ملیار دیناری تەرخانکرد بۆ چاککردنەوەی رێگاکانی ناوخۆی سەنتەری ناحیەی بامەڕنێ و بەشێک لەگوندەکانی سنووری ناحیەکە، هەروەها قیرتاوکردنی بەشێک لەڕێگاکانی سەنتەری ناحیەی کانی ماسێ بەگوژمەی 286 ملیون دینار.

هەڤال عەلی، بەرپرسی بەشی تەکنیکی بەرێوەبەرایەتی رێگاوبانی دهۆک بۆ توڕی 964ی قسەی کردووە و دەڵێت: رێگا ناوخۆییەکانی ‌گوندەکانی کانیکا، ئەرەدنێی کریستیان، وەرمێلێ، غلبیش، بابیرێ، زێوا شێخ پیراموس لەسنووری ناحیەی بامەڕنێ قیرتاو دەکرێت بە گوژمەی 826 ملیون و 978 هەزار دینار.

هەڤال عەلی وتیشی :رێگای گوندی بابێری و وەرمێلێ هێشتا دەستمان پێنەکردوە، رێگای گوندی غلبیش تەواو بووە، رێگای زێوا شێخ موس رێژەی 25٪ـی  تەواوبووە، هەروەها رێگای هەردوو گوندی کانیکا و ئەرەدنێی کریستیانان بەڕێژەی 40٪ـی تەواوبووە، رێگای ئەو شەش گوندەیە قێردەکرێن، هیچ کێشەیەک لە پرۆژەکەدا نیە تەنها ئەوەیە بە قوناغ قوناغ دروست دەکرێن”.

هەروەها لە ناحیەی کانێ ماسی بە گوژمەی 692 ملیۆن دینار، رێگای حەوت گوند نۆژەندەکرێنەوە لەوانە بازێ، قومریێ، گۆڕستانی ئورمانا، گرکا، بیلزان، هرور، ئەلیخان.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق