پۆلیس: شەش کەسمان گرتووە

دارەکانی کەناری رووباری سیروان قڕانیان تێکەوتووە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

دەیان داری کەنارەکانی رووباری سیروان بڕاونەتەوە و بەشێکی زۆریشی سووتێنراون، پۆلیس دەڵێت، شەش کەس لەسەر بڕینەوەی دار دەستگیر کراون.

لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، 137 ھەزار دۆنم زەوی دارستانی سرووشتی ھەیە، بەهۆی بڕینەوەیان لەلایەن هاوڵاتیانەوە مەترسی قڕانیان تێکەوتووە، تەنیا لەسنووری گوندی تازەدێ نزیکەی دۆنمێک دارستان سووتێنراون و پاشان بڕاونەتەوە.

لەسەر بڕینەوەی دار لە دوو مانگی رابردوودا شەش کەس دەستگیر کراون.

مقەدەم ئەکرەم کامل، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان بە تۆڕی 964 وت “تیمەکانمان بەردەوامن لە چاودێری دارستانەکان، تائێستا شەش کەس گیراون بە کەرەستەکانی بەکاریشی دەهێنن”.

بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان، لەبارەی سووتاندنی دۆنمێک لە دارستانی گوندی تازەدێ دەڵێت: گومانیان ھەیە لەلایەن ئەو جوتیارانەوە دارەکان سووتێنرابن کە زەویەکانیان نزیکە لەو دارستانەکە بۆ ئەوەی رووبەری زەوییەکانیان فراوان بکەن و بیکەنە زەوی کشتوکاڵی.

زیاتر وتی “لەسەر ئەو بابەتە کەس دەستگیر نەکراوە بەڵام لە لێکۆڵینەوەدان بۆئەوەی ئەو کەسانە بدۆزنەوە”.

بەپێی زانیاریەکانی تۆڕی 964 لە سەرچاوەیەکی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان، سێ لەو کەسانە بە کەفالەت ئازاد کراون، ئەو سەرچاوەیە وتیشی بەردەوام خەڵک دەستگیر دەکرێت بەڵام لەلایەن کەسانی دەستڕۆیشتوە بە پەیوەندیەک ئازاد دەکرێن و ھیچ سزایەک نادرێن.

یەکێک لە چالاکوانە ژینگەیەکانی گەرمیان پۆلیسی ژینگە بە کەمتەرخەم ناودەبات لە پاراستنی ژینگەی ناوچەکە و دەڵێت: کاتێک دەچنە شوێنەکە کە هەموو شتێک تەواو بووە.

ئەیاد محەمەد، چالاکوانی ژینگەیی کە قسەی بۆ تۆڕی 964 کردووە، داوا دەکات بنکەیەکی پۆلیسی دارستان لەسەر رووباری سیروان بکرێتەوە، چونکە ماوەیەکە جارێ ئەم حاڵەتە دووبارە دەبێتەوە”

بەپێی یاسای ژمارە 10ـی دارستان کە ساڵی 2012 لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە، ھەرکەس زیان بە داری دارستانەکان بگەیەنێت، لە دوو ھەزار بۆ چوار ملیۆن دینار سزای مادی دەدرێت.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق