کچە کوردێک یاسایەکی بەریتانیا دەگۆڕێت

964+
فەهمی نەبی
کچە کوردێک بەناوی پایز مەلیکە، بۆ ماوەی سێ ساڵ کەمپینێک بەڕێوە دەبات بۆ گۆڕینی یاسای هاوسەرگیری مەدەنی لە بەریتانیا، ئەمڕۆ توانی ئەو یاسایە لەرێگای پەرلەمانەوە بگۆڕێت.

بەگوێرەی ئەو یاسایەی کە ئەمڕۆ دووشەممە 27.2.2023 لە بەریتانیا و وێڵز چۆتە بواری جێبەجێکردن، تەمەنی شووکردنی کچان لە 16 ساڵیەوە گۆڕاوە بۆ 18 ساڵ.
یاسای پێشووتری بەریتانیا رێگەی دەدا کچانی تەمەن 16 بۆ 17 ساڵی شوو بکەن، بەڵام لە ئەمڕۆوە هیچ کچێکی خوار تەمەن 18 ساڵی ناتوانێت شوو بکات.
لە یاساکە هاتووە هەر دایک و باوکێک سەرپێچی یاساکە بکات بۆ ماوەی حەوت ساڵ زیندانی دەکرێت.
هەواڵەکە لە ماڵپەڕی وەزارەتی دادی بەریتانیا بڵاوکراوەتەوە، پایز قسەی بۆ ماڵپەڕەکە کردووە دەڵێت “کەمپینەکەی من سێ ساڵی خایاندووە، چونکە خۆم قوربانی بووم ئامانجم ئەوەبوو بەهەرجۆرێک بێت ئەو یاسایە بچەسپێت”.

پایز مەلیکە، ناوی تەواوی پایز مەحمودە، بەپێی راپۆرتیکی وەزارەتی دادی بەریتانیا، پایز لە تەمەنی 16 ساڵی بەزۆر دراوە بەشوو، خوشکێکی ئەو لە تەمەنی 20 ساڵی لەلایەن باوک و هاوسەرەکەیەوە کوژراوە.