هەولێر .. زەوی بۆ 15 پڕۆژەی تەرخانکرا

964+

فەرمان سادق

لە هەولیر زەوی بۆ 15 پڕۆژەی پیشەسازی قورس و مامناوەند تەرخان دەکرێت و داواکاری دوو پڕۆژەش رەت دەکرێتەوە.

خاوەنی 26 پڕۆژەی قورس و مامناوەند بەجیا داواکارییان  پێشکەش بە پارێزگای هەولێر کردووە بۆ دابینکردنی زەوی بۆیان.

لەسەر داوای ئەو خاوەن پڕۆژانە، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 27.2.2023، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و لایەنە پەیوەندارەکانی ئیدارەی خۆجێی هەولێر، کۆبوونەوەى لیژنەی گەشەپێدان و پشتگیری پڕۆژە پیشەسازییەکان ئەنجامدرا.

بەپێی راگەیەندراوی پارێزگای هەولێر لەبارەی کۆبوونەوەکە، 15 لەو پڕۆژە قورس و مامناوەندانە قبوڵ کراون بۆ ئەوەی زەوییان بۆ دابین بکرێت و دوو پڕۆژەش رەت کراونەتەوە و نۆ پڕۆژەکەی دیکەش بڕیاردان لەبارەیانەوە دواخرا بۆ کاتێکی تر.

لە راگەیەندراوەکەی پارێزگای هەولێر، ئەوە روون نەکراوەتەوە کە جەند دۆنم زەوی و لەکوێ ئەو زەویانە دابینکراوە.