باسی هەڵبژاردن ناکات

پەرلەمانی بە خشتەیەکی قەرەباڵغەوە دەست بە دانیشتنەکانی دەکاتەوە

964+

فەرمان سادق

لە یەکەم دانیشتنی خۆیدا پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوە بۆ پێنج پێشنیازە یاسا و بڕیار و هەمواری سێ یاساش دەکات.

سبەی چوارشەممە، یەکەم دانیشتنی خولی بەهارەی پەرلەمانی کوردستان دەستپێدەکات.

لەخاڵی چوارەمی کارنامەی دانیشتنەکەدا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ئەشكەنجەدان و خراپ مامەڵەكردن،  پێشنیازە یاسای بەرەنگاربوونەوەی گزیی زانستی، پێشنیازە یاسای ناوەندی وەرگێڕانی سەرچاوە زانستییەكان، پێشنیازە بڕیاری تایبەت بە بەخاكسپاردنی شەهید و  پێشنیازە یاسای هەمواری دووەمی یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی 2019 یاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی كە لە سنووری شارەوانییەكان زیادەڕۆییان لەسەر كراوە.

هاوکات لەخاڵی پێنجەمی دانیشتنەکەدا، دەنگدانە لەسەر هەمواری چەند بڕگەیەک لە یاسای گرتنی كاڵای قاچاغ و قەدەغەكراو لە مامەڵەپێكردن،  یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە و یاسای ئەنجوومەنی شورای هەرێمی كوردستان.

لە یەکەم دانیشتنیدا، پەرلەمانی کوردستان باسی پرسی هەمواری یاسای هەڵبژاردن ناکات کە دەبێت لەم خولەکی بەهارەی پەرلەماندا لایەنەکان لەسەری رێککەون.