سزاکەی دەگاتە 50 هەزار دینار

زاخۆ .. فلتەری جگەرەش فڕێبدەی سزا دەدرێی

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بڕیاریدا سزای هەموو ئەو کەسانە بدات کە زبڵ و خاشاک فڕێدەدەن.

بڕیارەکە دوای ئەوەهات بەشێک لە هاوڵاتیانی قەزای ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، زبڵ و خاشاکی ماڵەکەیان بە ئۆتۆمبێل لە دوورەوەی ماڵەکەیان و لە شەقامی گشتی یان لا کۆڵانێک فڕیدەدا.

دوای سکاڵای بەشێک لە خەڵک، گۆهدار شێخۆ، قایمقامی قەزای ناوەندی زاخۆ بڕیاریدا هەر کەسێک زبڵ و خاشاک لە ئۆتۆمبێلەکەی فڕێبدات ئەوا سزا دەدرێت.

بەپێی زانیارییەکانی 964، بڕیارەکە لە 25ـی مانگی رابردوو دەرچووە، ئەوانەی مێرمنداڵ بن ئەوا سزای مەعنەوی دەدرێن، بەڵام گەورەکان سزاکەیان لەنێوان 15 بۆ 50 هەزار دینار دەبێت.

هەر کەسێک کارتۆن فڕێبدات ئەوا 30 بۆ 50 هەزار و ئەوەشی فلتەری جگەرە و دەبەی ئاو فڕێبدات 15 بۆ 30 هەزار سزا دەدرێت.

وڵات هاجەر، بەڕێوەبەری کارگێری قایمقامیەتی قەزای زاخۆ بە 964ـی وت، بڕیارەکە چووتە بواری جێبەجێکردن و لە کەسیش خۆش نابین.

زیاتر وتی “نەک هەر شوفێرانی ئۆتۆمبێل، تەنانەت هاوڵاتی پیادەش رادەگرین تاوەکو پارەی سزاکەی لێوەردەگرین”.

بەقسەی بەرپرسانی قەزاکە بێت، بڕیارەکە کاردانەوەی ئەرێنی هەبووە و ئێستا شەقامەکانی زاخۆ لە زبڵ و خاشاک پاکبوونەتەوە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق