چاوەڕوانی وەڵامى ئەنجومەنی وەزیرانن
خورماڵ خۆی بۆ بوون بە قەزا ئامادە کردووە
964+
محەمەد عومەر- هەڵەبجە
بەرپرسانی ناحیەی خورماڵ هەوڵەکانیان بۆ بە قەزاکردن چڕکردۆتەوە و لە رێگای پارێزگاری هەڵەبجەوە داواکارییەکەیان گەیاندۆتە ئەنجومەنی وەزیران و چاوەڕێی وەڵامن.
فەرەیدون مەحمود، بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ بە 964ی راگەیاند، خورماڵ هەموو مەرجێکی تێدایە بۆ ئەوەی ببێت بە قەزا و ئەگەر ئەمە جێبەجێبکرێت خزمەتگوزاری زیاتری بۆ دابین دەکرێت.
خورماڵییەکان چاوەڕوانی وەڵامی ئەنجومەنی وەزیرانن
“لە چەند رۆژی رابردودا کۆبوونەوەیەکی گرنگمان لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە و بەڕێوەبەرانی ناحیەکەمان ئەنجامدا لەبارەی بەقەزاکردنی ناحیەکە، پارێزگاری هەڵەبجە خۆی بە مەیدانی هاتۆتە سەرخەت و داواکاریەکەمان گەیشتوەتە ئەنجومەنی وەزیران کە بکرێت بە قەزا لەسەر ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە” فەرەیدون مەحمود وای وت.
ناحیەی خوڕمال، سەر بە پارێزگای هەڵەبجەیە و ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 25 هەزار کەسە و لە سنووری ناحیەکەدا 47 گوندی ئاوەدان هەیە.
بە وتەی بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ، پێشتر لەلایەن حکومەتی عێراقەوە داواکراوە کە قەزایەک بخرێتە سەر پارێزگای هەڵەبجە.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر