دوو مانگە دواکەوتووە

دەروازەی شەقامی مەولەوی شەممە تەواو دەبێت

964+

دیلان محەمەد – سلێمانی

نۆژەنکردنەوەی دەروازەی شەقامی مەولەوی بڕیار بوو بۆ سەری ساڵ تەواو ببێت، بەڵام دوای دوو مانگ لە وادەی خۆی، هێشتا تەواو نەبووە.

دەروازەی مەولەوی، مانگی تشرینی یەکەمی 2022 دەستکرا بە نۆژەنکردنەوەی و بڕیار بوو پێش کۆتایی هاتنی ساڵ کارەکانی تەواو ببێت، بەڵا دوو مانگ بەسەر ماوەکە تێپەڕیوە هێشتا تەواو نەکراوە.

پێشتر تۆڕى964، هەواڵی لەسەر نۆژەنکردنەوەکە کردبوو، لە 11ـی کانونی یەکەمی 2022 بە قسەی سەرپەرشتیارەکەی 75٪ـی کارەکانی تەواو ببوو، بەڵام هێشتا تەواو نەبووە.

لە نۆژەنکردنەوەکەدا 10 هەزار بەردی کوردستان بەکارهێنراوە بۆ رووپۆشکردنی.

وەستا ئیبراهیم ئەحمەد، سەرپەرشتیاری نۆژەنکردنەوەی دەروازەکە قسەی بۆ تۆڕى964 کردووە و دەڵێت: بەهۆی سارد و سەرما و بارانەوە ناچار کارکردنمان وەستاند، جگە لەمە زۆرێک لە وەستاکان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن، بۆ سەردان گەڕابوونەوە رۆژهەڵات.

ئەوەشی خستەڕوو، شەممەی داهاتوو کارەکانی تەواو دەبێت.

رۆژانە 20 بۆ 24 وەستای رۆژهەلات کار لە نۆژەنکردنەوەی پڕۆژەکە دەکەن.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق