زیاتر لە 32 هەزار کۆمپانیا لە هەرێم تۆمارکراون

فەرمانگەیەکی تایبەت بە پێدانی مۆڵەت بە کۆمپانیاکان دەکرێتەوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

داواکارییەک ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان کراوە بە مەبەستی کردنەوەی فەرمانگەیەکی تایبەت بە مۆڵەت، بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانییش دەڵێت؛ دامەزراندنی فەرمانگەکە کارئاسانیی زۆر بۆ دامەزراندنی کۆمپانیاکان دەکات.

ئێستا بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتی سەر بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم، ئەو کارە دەکات.

لە هەرێمی کوردستاندا 32 هەزار و 921 کۆمپانیا تۆمار کراون و 3 هەزار و 342 کۆمپانیایان بیانین، لەوانیش زیاتر تورکی و ئێرانین.

بڵند محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم بە تۆڕی 964ی راگەیاند: پێشنیارێک هەیە بۆ زیاتر ئاسانکردن و کەمکردنەوەی رۆتینات، فەرمانگەیەکی تایبەت بە تۆمارکردنی کۆمپانیا و شوێنە بازرگانییەکان دابمەزرێندرێت.

دەشڵێت؛ هەموو ئاسانکارییەک بۆ تۆمارکردنی کۆمپانیاکان کراوە و ناوی بازرگانی لە 24 کاتژمێر و ناوی کۆمپانیاش لە 3 رۆژدا دەگەڕێتەوە.

بە پێی زانیارییەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، رسوماتی تۆمارکردنی ناو لە 1 ملیۆن و 600 هەزار دینارەوە بۆ تەنیا 50 هەزار دینار کەمکراوەتەوە.