فڕۆکەیەکی هەولێر لە ئۆکرانیا گیری خواردووە

964+
فەهمی نەبی

ساڵێک زیاترە بەهۆی شەڕی روسیا و ئۆکرانیاوە، فڕۆکەیەکی کۆمپانیای فڵای ئەربیل، جۆری بۆینگ 737، لە فڕۆکەخانەی ژولیای کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا گیری خواردووە.

لە 24.2.2022 روسیا هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆسەر ئۆکرانیا دەستپێکرد، لەو رۆژەوە ئاسمانی ئۆکرانیا بەرووی نیشتنەوەی فڕۆکە داخرا.

بە گوێرەی سەرچاوەیەکی کۆمپانیای فلای ئەربیل کە ئەمڕۆ سێشەممە 28.2.2023 قسەی بۆ تۆڕی 964 کرد و نەیویست ناوی بهێنرێت، وتی “پێنج مانگ لەمەوبەر خەبەرمان لە فڕۆکەکە هەبوو سەلامەتە، بەڵام لەو کاتەوە هیچ سۆراغێکی نازانین”.

فڕۆکەکە 158 سەرنشینی لەخۆ دەگرت، ساڵێک و چوار رۆژە لە فڕۆکەخانەی ژولیای پایتەختی ئۆکرانیا کەس هیچی لەبارەوە نازانێت.

فڵای ئەربیل، کۆمپانیایەکی ناوخۆیی بواری گواستنەوەی ئاسمانییە، بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی 964 کۆمپانیاکە خاوەنی تەنیا دوو فڕۆکە بوو، بە گیرخواردنی ئەو فڕۆکەیەی لە ئۆکرانیایە، ئێستا کۆمپانیاکە تەنیا خاوەنداریەتیی یەک فڕۆکە دەکات.