9 ساڵە کارکردن لە بیناکەی خۆیاندا وەستاوە

شارەوانیی کفری بە پیری چووەتەوە دایەنگا

963+

هونەر فارس – گەرمیان

بەهۆی نەبوونی بیناوە، شارەوانیی کفری لەناو بینای دایەنگەیەکدا کارەکانی ئەنجام دەدات، سەرۆکی شارەوانییەکە دەڵێت؛ بیناکەیان نۆ ساڵە کارکردن تێیدا راگیراوە.

بەهۆی کۆنیی بینای پێشووی  شارەوانیی کفرییەوە، بڕیار بوو بینایەکی نوێیان بۆ دروست بکرێت، بیناکە لە گەڕەکی ئیمام محەمەد لە لایەن کۆمپانیای خاکی عەفرین دروست دەکرا، ساڵی 2013 دەست بە کارکردن کرا و ساڵی 2014 ئیشکردنی وەستا.

لەو ساڵەدا بیناکە 50%ـی کارەکانی تەواو کرا، بەڵام تا ئێستا ئیشی تێدا نەکراوەتەوە.

عەلی خورشید، سەرۆکی شارەوانیی هۆکاری راگرتنی کارکردنی بیناکەی بۆ 964 ئاشکرا کرد و وتی: قەیرانی دارایی هۆکارەکەیە.

“ئێستا لە بەشێکی بینای دایەنگەیەکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیدا کارەکانی هاوڵاتیان ڕایی دەکەین”، عەلی خورشید وای وت.