بڕیاری گۆڕینی تابلۆی دوکانەکان 10 ساڵ پێش ئێستا هەبووە

964+
فەهمی نەبی

ئەکادیميای کوردی رایدەگەیەنێت، ئەوان پێشتر ئەرکی پێداچوونەوەی تابلۆی دوکان و وەزارەتەکانیان لەبەر دەست بووە، بەڵام تەنیا توانیویانە پێداچوونەوە بۆ تابلۆی وەزارەتەکان بکەن، لەبەر شەڕی داعش و قەیرانی دارایی نەیانتوانیوە پێداچوونەوە بە تابلۆی دوکان و هۆتێلەکان بکەن.

ماڵپەڕی ئەکادیمیای کوردی، ئەمڕۆ سێشەممە 28.2.2023 بڵاويکردوەتەوە، ئەوان نزیکەی 10 ساڵ بەر لە ئێستا بەپێی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014 “یاسای زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان” ئەرکی پێداچوونەوەی تابلۆی دوکانەکانیان لە ئەستۆ بووە، بەڵام بەگوێرەی هەواڵەکە بێت لایەنی جێبەجیکار کاری جدی بۆ نەکردووە.

جارێکی دیکە لە 6.1.2020 وەزارەتی رۆشنبیری و ئەکادیمیای کوردی لیژنەیەک پێکدەهێنن بۆ پێداچوونەوەی تابلۆی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتیەکانی حکومەت.

وریا عومەر ئەمین، ئەندامی کارای ئەکادیمیای کوردی، بۆ تۆڕی 964 قسەی کرد و دەڵێت “سێ ساڵ بەر لە ئێستا لە وەزارەتی رۆشنبیری لیژنەیەک پێکهات بۆ پێداچوونەوەی تابلۆی فەرمانگە و وەزارەتەکانی حکومەت، من وەک نوێنەری ئەکادیمیای کوردی ئەندامم لەو لیژنەیە، پێداچوونەوەمان بە تابلۆی زۆربەی وەزارەت و فەرمانگەکان کردووە”.

ئەو پێیوایە دوای 10 ساڵ ئەمجارە حکومەت جدییە لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی پەیوەستە بە گۆڕێنی تابلۆی هۆتێل و شوێنە گەشتیاریەکان، چونکە ئەو بڕیارە بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش فەرامۆشکرا بوو.

لەلایەکی دیکەوە بە وتەی ئەو ئەندامەی ئەکادیمیای کوردی، ماوەی شەش ساڵە لە نێوان ئەکادیمای کوردی و شارەوانی هەولێر لیژنەیەک هەیە، بە جۆرێک هەر تابلۆیەک بێتە شارەوانی پێویستە ئەو لیژنەیە بیبینێت و کەموکوڕییەکانی چارەسەر بکات.

رۆژی 21.2.2023 بەبۆنەی رۆژی جیهانی زمانی دایک، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا “تابلۆی هۆتێل و شوێنە گەشتیاری و رێستۆرانتەکان و نوێنەرایەتی کونسوڵگەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان” زمانی کوردی هەبێت لە پاڵ زمانەکانی دیکە، هەر ئەو رۆژە پارێزگای هەولێر تا 1ی نیسان مۆڵەتی بە دوکان و شوێنە گەشتیارییەکان دا، کە تابلۆکانیان بۆ زمانی کوردی بگۆڕن.