"ئەگەر جێگیریش بکرێت هەرێم ناگرێتەوە"

ساغکردنەوە .. مانگانەکەی خوێندکاران لە بودجەی 2023دا تەنیا پێشنیارە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات، دیاریکردنی دەرماڵەیەک بۆ خوێندکاران و قوتابیان لە بودجەی 2023ی عێراقدا، تەنیا پێشنیارە و نەکراوە بە فەرمی.

ئەمڕۆ سێشەممە 28.2.2023 وا بڵاوکرایەوە لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2023ی عێراقدا بۆ هەر خوێندکارێکی زانکۆ و پەیمانگەکان مانگانەیەکی 100 هەزار دیناری و بۆ قوتابیانی بنەڕەتیش بڕی 30 هەزار دینار دیاریی کراوە.

تۆڕی 964 سۆراغی ئەو پرسەی کرد و دەرکەوت تا ئێستا تەنیا گفتوگۆ و پێشنیاری لیژنەی دارایی پەرلەمان بووە و بڕگەکە لە پڕۆژەیاساکەدا جێگیر نەکراوە.

نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی 964ی راگەیاند، هێشتا بودجە نەهاتووەتە پەرلەمان و ئەوەی وتراویشە نەبووە بە فەرمی، تەنیا لە لیژنەی دارایی گفتوگۆی لەبارەوە کراوە وەک پێشنیارێک.

دەشڵێت، “لە حاڵەتێکدا ئەگەر لە پڕۆژەیاساکەشدا جێی بکرێتەوە، خوێندکاران و قوتابیانی هەرێم ناگرێتەوە، چونکە هەرێم بودجە و پڕۆژەیاسای بودجەی خۆی هەیە.