وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت:

خوێندکار دوای دەرچوون دەبێت کاری دەستبکەوێت

964+
فەهمی نەبی

وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری داوە لەم ساڵدا پێداچوونەوە بە پڕۆگرامی خوێندنی زانکۆکان بکات، بە وتەی ئەوان دەیانەوێت لەمەودوا خوێندکار دوای دەرچوونی لە زانکۆ، بە ئاسانی کاری دەست بکەوێت.

لە کۆنفرانسێكدا وه‌زاره‌ت بڕیار دەدات بەشی کۆلیژەکان چ گۆڕانکاریەکیان لێ بەسەر بێت، 32 زانکۆی حکومی و ئەهلی بەشداری لە کۆنفرانسەکە دەکەن.

عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە تۆڕی 964ی وت، “چەندین لیژنە دروستکراون بۆ ئەوەی سەرپەرشتی پێداچوونەوەی پرۆگرامەکانی خوێندنی زانکۆکان بکەن، بەهەمان میکانیزمی زانکۆکانی جیهان دەمانەوێت خوێندکار دوای دەرچوونی کاری دەست بکەوێت”.

بە وتەی عەباس ئەکرەم تا 15.3.2023 دەبێت هەموو لیژنەکان کاری خۆیان بکەن و کارەکان تەواوبکرێن بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر کۆنفرانسەکە بدرێت.

لە هەرێمی کوردستان ژمارەی زانکۆ حکومییەکان 18 زانکۆیە و ژمارەی زانکۆ تایبەتەکانیش 18 زانکۆیە، بەڵام ژمارەی ئەو زانکۆ حکومییانەی بەشداریی کۆنفرانسەکە دەکەن، 14 زانکۆن.